حیزبوڵڵا: ناتوانین لەسەر رادەستکردنی چەک رێکبکەوین

05-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئەوان بەهیچ شێوەیەک بە بڕیاری چەکدانان رازی نابن، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە. هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئەمجارە ئیسرائیل جەنگێکی فراوان لە دژی لوبنان دەستپێبکاتەوە ئەوا بە مووشەک وەڵامی دەدەنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، حکومەتی لوبنان لە بەیرووت بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەبارەی چەکدادانی حیزبوڵڵا کۆبوونەوە، بەڵام پێش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، گرووپەکەی هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ رادەستکردنی چەکەکانی بە دەسەڵاتدارانی لوبنان قبووڵ ناکات لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن.
 
نەعیم قاسم گوتی، "ناتوانین رازی بین بە هیچ خشتەیەکی کاتی، کە لەژێر دەستدرێژیی ئیسرائیلدا پێشکێشکراوە. واشنتن بەمەرجی سەپێنراوەوە هاتووە بۆ داماڵینی تەواوەتی هێز و توانای لوبنان و بەرگری و گەل." 
 
هەروەها ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا داوای لە حکومەتی لوبنان کرد، "پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشار و هەڕەشەکان دابنێت، لەجیاتی ئەوەی حیزبوڵڵا لە توانا و هێزەکانی بێبەش بکات".
 
نەعیم قاسم لەدرێژەی گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە تۆم باراک گرت و رایگەیاند، "یاداشتی سێیەمی تۆم باراک لە یەکەم و دووەمی خراپترە و یەکێک لەو خاڵانەی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی لەسەدا 50ی ژێرخانی حزبوڵڵا لە ماوەی 30 رۆژدا." 
 
کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی لوبنان لەدوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ترەمپ لە رێگەی تۆم باراک، گوشارەکانی لەسەر بەرپرسانی لوبنانی چڕکردووەتەوە تاوەکو بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆیان بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا رابگەیێنن، ئەگەریش ئەو کارە نەکەن، رەنگە ئیسرائیل دەست بە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا بکاتەوە.
 
نەعیم قاسم، ئەو پەیامەی بەبۆنەی کۆبوونەوەکەی حکومەتی لوبنانی دا و لەدرێژەدا رایگەیاند، "حیزبوڵڵا بە تەواوەتی پابەند بووە بە بڕگەکانی رێککەوتنی ئاگربەستەوە، بەڵام ئیسرائیل لە رێککەوتنی ئاگربەست پاشگەزبووەتەوە و هەزاران جار پێشێلیکردووە."
 
ئەمنیداری گشتیی حیزبوڵڵا، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "ئەگەر ئیسرائیل جەنگێکی فراوانتر دژی لوبنان دەستپێبکاتەوە، ئەوا بە مووشەک دەیکەینە ئامانج." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە