رووداو دیجیتاڵ
ئێران داوای دانوستاندن لەسەر بنەمای "رێزگرتن" دەکات لەگەڵ ئەمریکا، پێش دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانەی بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 6-2-2026 لە مەسقەتی عومان بەڕێوەبچێ.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە X رایگەیاند: "ئێران بە چاوکراوەیی و یادوەرییەکی بەهێزی ساڵی رابردوو دەچێتە نێو دیپلۆماسی".
وەزیری دەرەوەی ئێران داوا دەکات بەڵێنەکان جێىەجێبکرێن و یەکسانی و رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێ لە دانوستاندنەکاندا نەک "قسەی بەتاڵ".
راشیگەیاند، "یەکسانی و رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش ببنە مەرجی جێبەجێكردن و بنەمای رێککەوتنێکی هەمیشەیی".
ئەمریکا و ئێران ئامادەکاری بۆ دانوستاندنێکی دیپلۆماسیی هەستیار دەکەن لە عومان. ئەمە یەکەم گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵاتە دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا کە لەدوایین رۆژەکانیدا بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان کۆتایی هات.
شاندەکان و مەلەفەکان
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرپەرشتیی شاندەکانیان دەکەن. واشنتن دەیەوێت بزانێت ئایا دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و گرووپەکانی سەر بە ئێران ماوە، لە کاتێکدا هێشتا هەڕەشەی سەربازی بەردەوامە.
هەڕەشە و دانوستاندن لە زاری ترەمپەوە
دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 05-02-2026 لە بەشداریکردنی لە (نانی بەیانیی نیشتمانی بۆ نزاکردن) پشتڕاستی کردەوە، دانوستاندن لە ئارادایە و گوتی: "ئەوان [ئێران] دانوستاندن دەکەن؛ نایانەوێت لێیان بدەین، ئێمەش هێزێکی دەریایی گەورەمان بەرەو ئەوێ ناردووە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارە واشنتن لەگەڵ تاران "بگاتە ئەنجامێک" بەڵام هۆشداریشی دا ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "شتی خراپ روودەدات".
بژاردەکانی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ترەمپ هەموو بژاردەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و سەرەتا هەوڵدەدات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام ئەگەر سەربازی تاکە بژاردە بێت، ئەوا "دەست ناپارێزێت".
ڤانس نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە ناتوانن راستەوخۆ لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆ بکەن و وڵاتەکەی بە "شوێنێکی سەیر بۆ دیپلۆماسی" وەسف کرد.
کاردانەوەی سەربازیی ئێران
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە دیپلۆماسییەکان، محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە ئامادەی بەرگریین و پێویستە سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان سازش یان شەڕدا یەکێکیان هەڵبژێرێت".
ئەکرەمینیا هۆشداریشی دا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ژێر دەستی ئێراندان. لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران هەر ئەمڕۆ لە سنووری ئاوی کەنداودا بە تۆمەتی "قاچاخچێتیی سووتەمەنی" دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتدا گرت.
هەڵوێستی نێودەوڵەتی
فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد، بە جیدی بچنە ناو دانوستاندنەکانەوە بۆ رێگری لە هەڵکشانی سەربازی.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لایەنەکان دەیانەوێت جێگە بۆ دیپلۆماسی بکەنەوە و جەختی کردەوە کە "شەڕ چارەسەر نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ