رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشدارییەکی ئەمنیی "ئاستی باڵا"ـی بڵاوکردەوە و داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و گەشتە ئاسمانییەکان، بە پەلە و لەرێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە ئێران جێبهێڵن.
بەپێی راگەیێندراوەکە کە ئەمڕۆ هەینی 06-02-2026 بڵاوکراوەتەوە، "حکومەتی ئێران رێکاری ئەمنیی تووندی گرتووەتەبەر، رێگەکانی داخستووە و سیستمی گواستنەوەی گشتی پەکخستووە. هەروەها ئینتەرنێتی نیشتمانی، مۆبایل و هێڵە زەوینییەکان بە تەواوی سنووردار کراون. هێڵە ئاسمانییەکانیش بەردەوامن لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران."
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەکەدا هاتووە، ئەو رێکارانەی پێویستە بگیرێنەبەر:
جێهێشتنی بەپەلە: ئەمریکا داوا دەکات هاووڵاتییانی هەر "ئێستا" ئێران جێبهێڵن و پلانەکەیان بە جۆرێک بێت کە پشت بە هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەبەستن.
دوورکەوتنەوە لە خۆپێشاندان: داواکراوە هاووڵاتییان لە هەر گردبوونەوەیەک دووربکەونەوە و لە ناوچە سەلامەتەکاندا بمێننەوە و پێداویستییەکانی وەک خۆراک، ئاو و دەرمان کۆبکەنەوە.
هۆشداری بۆ خاوەن دوو وڵاتینامە: ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانی و ئەمریکییان هەیە، دەبێت بە پاسپۆرتی ئێرانی بچنە دەرەوە، چونکە تاران دان بە وڵاتینامەی دووەمدا نانێت و مەترسیی دەستگیرکردنیان زۆرە.
باڵیۆزخانەکە پێشنیاز دەکات هاووڵاتییانی ئەمریکی دەروازەکانی ئەرمینیا و تورکیا و تورکمەنستان بۆ چوونە دەرەوە لە ئێران بەکاربێنن و هۆشداری دەدات، هاووڵاتییانی بە هیچ شێوەیەک بەرەو سنوورەکانی ئەفغانستان، عێراق و ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و پاکستان نەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ