سوپاکەی خەلیفە حەفتەر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەرابلووس دەدات

08-04-2019
لهۆن نەسرەدین
رەوشی لیبیا جارێکی دیکە ئاڵۆز بووەوە
رەوشی لیبیا جارێکی دیکە ئاڵۆز بووەوە
نیشانەکردن لیبیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژهەڵاتی تەرابلووس کە هێزی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا لەلایەن نەتەوەیە کگرتووەکانەوە بە سەرۆکایەتی فائیز سەراجی تێدایە، کە ماوەیەکی زۆرە لە کەشوهەوایەکی ئارامدایە، بەڵام ئەو ئارامییە کۆتاییهاتووە، چونکە هێزێک بەناوی "سوپای نیشتمانیی لیبیا" بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای تەرابلووس چڕکردوەتەوەوە و دەڵێن، تاوەکو کۆتایی بە دەسەڵاتی سەراج نەهێنن، ناوەستن.

تەرابلووس داوای هێزی کردووە و هەندێک لە هێزەکانی ناوچەکەش بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکە دەدەنەوە. ئەمریکاش رەوشەکەی لیبیا بە مەترسیدار ناودەبات. گرتەیەکی ڤیدیۆیی پیشانیدەدات، بەشێک لە هێزی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی تەرابلووس پاشەکشە دەکەن.

لەلایەک "سوپای نیشتمانیی لیبیا" باس لە بەرەوپێشچوونی هێزەکانی بەرەو تەرابلووسی پایتەخت دەکات، لەلایەکی دیکەوە فائیز سەراج هێرشەکەی حەفتەر بە "خەنجەر لە پشتی لیبییەکان" ناودەبات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، پاڵپشتی بکەن.

فائیز سەراج، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لیبیا دەڵێت "هەر کە خەریک بوو چارەسەرەکان بدۆزرێنەوە و لیبیەکان هیوایان لا درووستبوو و چاوی جیهانیش کەوتە سەر لیبیا، لەکاتی پێشوازیکردنمان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەدا پەیمانەکەیان لەنێوبرد و هەوڵیاندا خەنجەر لە پشتمان بدەن، سەرمان سوڕما بە جووڵەیەکی سەربازی و گوتاری دووژمنکارانەی خەلیفە حەفتەر کە ئێمە بۆ سەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆری و تاکڕەوەکان دەگەڕێنێتەوە".

لەگەڵ چڕبوونەوەی پێکدادانەکان، دواجار ئەمریکا هەڵوێستێکی روونی دەربڕی، دژایەتی خۆی بۆ هێرشە سەربازییەکەی "سوپای نیشتمانیی لیبیا" راگەیاند و داوای وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەرابلووس لە توویتەر نووسیویەتی "ئەمریکا دژی ئەو هێرشە سەربازیەیە کە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەستیانپێکردووە و داوای دەستبەجێ وەستاندنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆسەر تەرابلووس و گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆ شوێنەکانی پێشوویان دەکات".

لە ساڵی 2011ـەوە لیبیا بە ئاڵۆزی سیاسی و ململانێی چەکداریدا تێپەڕدەبێت و دوو حکومەتی تێدایە؛ یەکێکیان لە تەرابلووسە لە رۆژئاوای وڵات و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە. حکومەتەکەی دیکە لە توبروقە لە رۆژهەڵات کە خۆی بە نوێنەری هەموو لیبییەکان دادەنێت و پشتگیری خۆیشی بۆ خەلیفە حەفتەر راگەیاندووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە