رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی لوبنان، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بەتەواوی وەستاوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکرێت کە دۆخی تەنگەکە لەژێر رێکاری "تایبەت و کاتی"دایە.
بەپێی هەواڵێکی بەپەلەی ئاژانسە ئێرانییەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی نیسانی 2026) بڵاوکراوەتەوە، گەشتە دەریاییەکانی نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پەکیکەوتووە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە تەنیا دوو نەوتهەڵگر بە "مۆڵەتی ئێران" و لە چوارچێوەی رێککەوتنی تایبەت بە ئاگربەست لە تەنگەکە پەڕیونەتەوە.
ئاژانسی فارس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پەککەوتنە لەناکاوەی هاتووچۆ لە یەکێک لە گرینگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، کاردانەوەی راستەوخۆی پەرەسەندنە مەیدانییەکان و ئەو هێرشانەیە کە کراونەتە سەر بەیرووتی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی لوبنان و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی مەدەنی.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، داخستنی تەنگەی هورمز رێکارێکی "کاتییە" و لەوانەیە تاران لە کاژێر یان رۆژانی داهاتوودا، بە شێوەیەکی سنووردار و لەژێر چاودێریی ورددا رێگە بە پەڕینەوەی هەندێک کەشتی بدات. بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕێت، دەبێت پێشوەختە زانیارییەکان بدات و هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە هاتووچۆ لەو ناوچەیە ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێشوو.
هاوکات، باڵیۆزی ئێران لە جنێف رایگەیاند، رێکارەکانی ئێستای تەنگەی هورمز کاتین، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "بێ لێکەوتە نابن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ