رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان گەیشتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، ئەوەش بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، گەشتی شاندە ئێرانییەکە بە دوو فڕۆکە بە کۆدەکانی (ئێران 04) و (ئێران 05) بووە.
فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی شاری گورگان لە باکووری ئێرانەوە فڕین.
شاندەکەی ئێران جگە قالیباف، لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە؛ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری؛ عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و چەند پەرلەمانتارێک پێکدێت. لە بەرامبەردا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە یاوەریی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جێرارد کۆشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە پاکستانن.
لە لایەکی دیکەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی واشنتنی بەرەو ئیسلام ئاباد جێهێشت بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندی وڵاتەکەی.
پێش بەڕێکەوتنی، ڤانس رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێنمایی "زۆر روونی" بە تیمی دانوستاندنکار داوە سەبارەت بەو رێچکەیەی کە دەبێت لە ئیسلامئاباد بگیرێتەبەر.
بڕیارە کۆبوونەوەکە سبەی شەممە بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان کە رۆژی 28ی شوبات دەستیپێکرد و رۆژی 8ی ئەم مانگە بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی جەنگەکە راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ