رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
تیمی هاوکارییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیھانی (WFP)، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، یونسێف (UNICEF) و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، لە ناوچەی قولەیعە لە باشووری لوبنان، 27ـی ئازاری 2026. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 15 هەزار کەس لە باشووری لوبنان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی، رێگری لە گەیشتنی کاروانەکانی فریاگوزاری دەکرێت.
رێکخراوە مرۆییەکان و پسپۆڕانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "هاوشێوەی سیناریۆی غەززەیە"، کە تێیدا ناوەندە تەندروستییەکان دەکرێنە ئامانج و فەرمانی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ دەدرێت.
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە کە حیزبوڵڵا چووە نێو شەڕی ناوچەکەوە، نزیکەی 1500 کەس کوژراون کە 130ـیان منداڵن. هەروەها ژمارەی ئاوارەکان لە 1.5 ملیۆن کەس نزیکبووەتەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی 29ـی ئازار رایگەیاند، رێنمایی داوە بۆ فراوانکردنی "ناوچەی ئەمنی" لە نێو خاکی لوبناندا، ئەوەش بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی مووشەکەکانی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانیان.
رۆژی 22ـی ئازار، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا دا "تێکدانی ماڵەکانی لوبنان لە گوندە سنوورییەکان خێراتر بکەن، ئەوەش بەپێی مۆدێلی بێت حانوون و رەفەح لە غەززە."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی رابردوودا 92 هێرش کراوەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکان لە لوبنان و بەهۆیەوە 5 نەخۆشخانە لەکارکەوتوون. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تاوەکو ئێستا 57 کارمەندی تەندروستی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
رەمزی قەیس، توێژەری رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ (HRW) دەڵێت: "ئێمە هەمان ئەو شێوازە دەبینین کە لە غەززە و کەناری رۆژئاوا بینیمان. یاساکانی شەڕ روونن؛ هێرشی ئەنقەست بۆ سەر خەڵکی سڤیل و کارمەندانی پزیشکی قەدەخەیە و وەک تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت."
ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی لوبنان دوای جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران دێن. ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و زەوینییەوە "ناوچەیەکی دابڕاو" لە باشووری لوبنان دروست بکات، هاوشێوەی ئەو ناوچەیەی لە ساڵانی 1982 تاوەکو 2000 لەو وڵاتەدا داگیری کردبوو.
لە بەرامبەردا حیزبوڵڵا لە سەرەتای ململانێکانەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 هەزار مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ