رووداو دیجیتاڵ
سعودیە دەڵێت، بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ناوچەى دەریاى سوور و ئەو بۆردوومانە ئاسمانییەى چەند پێگەیەکى لە یەمەن گرتووەتەوە و داوای "دانبەخۆداگرتن و خۆ بەدوورگرتن" لە ئاڵۆزکردنى دۆخەکە دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12ى كانوونى دووەمى 2024، وەزارەتى دەرەوەى سعودیە راگەیێندراوێکى لە بارەى دۆخى ئەمنیى و سەربازیى ناوچەى دەریاى سوور بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە داوە کە بە "نیگەرانییەکى زۆرەوە" دەڕواننە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ناوچەى دەریاى سوور و ئەو بۆردوومانە ئاسمانییانەى کە چەند پێگەیەکیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێش چەند کاژێرێک سوپاى ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی هەریەکە لە ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا چەند پێگەیەکى حووسییەکانیان لە چوار شارى یەمەن بۆردوومان کرد وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى کە حووسییەکان دەیانکردە سەر کەشتییەکان لە نێو دەریاى سوور.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ئاماژەى بەوەداوە کە وڵاتەکە جەخت لەسەر "گرنگیی پارێزگاریکردن دەکات لە ئاسایش و سەقامگیریى ناوچەى دەریاى سوور، کە ئازادیی کەشتوانى تیایدا داواکارییەکى نێودەوڵەتییە، بەوپێیەى کاریگەریى لەسەر بەرژەوەندیی هەموو جیهان دەبێت."
وەزارەتى دەرەوەى سعودیە داوایکردووە کە دانبەخۆدا گرتن و خۆ بەدوورگرتن هەبێت لە ئاڵۆزکردنى زیاتری دۆخەکە لە سایەى ئەو رووداوانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە.
لەدوای هێرشەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، باسی لەوە کرد کە لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسیەکانی یەمەن.
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگری پێویست بکات". بایدن گوتیشی: "ئەمە پەیامێکە کە چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر کارمەند و هێزەکانمان ناکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ