رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ''هۆشدارییەکی ''بەپەلە''ـی ئاراستەی دانیشتووانی چەند ناوچەیەک لە تاران و قەزوین کرد کە بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
کاژێر 10:45 خولەکی ئەمڕۆ هەینی، 13-03-2026، سوپای ئیسرائیل لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەخشەی ناوچەی پیشەسازیی ''لیا''ـی بە رەنگی سوور دیاری کردووە کە دەکەوێتە شاری قەزوینی ئێران و بە زمانی فارسی، هۆشدارییەکی ''بەپەلە''ـی ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە کردووە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: ''بە زووترین کات ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە تاوەکو چەند کاژێری دیکە، سەرجەم ژێرخانی سەربازیی ئێران لەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج.''
ناوچەی پیشەسازیی لیا یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین جەمسەرە پیشەسازییەکانی پارێزگای قەزوین کە زیاتر لە 450 کارگەی لە بوارە جیاجیاکان لەخۆگرتووە.
هەر بەگوێرەی هۆشدارییەکە، سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی ویلا و مونیرییەی تارانیشی کردووە.
سوپای ئیسرائیل رووی کردووەتە دانیشتووانی ناوچەکان و دەڵێت: ''مانەوەی ئێوە لە ناوچە دیاریکراوەکاندا مەترسیدارە و بۆ پاراستنی گیانی خۆتان پێویستە پابەندی هۆشدارییەکە بن.''
بۆچی ناوچەکانی مونییرییە و ویلا؟
گەڕەکی مونیرییەی تاران نزیکە لە نووسینگەی رێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تاوەکو ئێستا چەندین جار بۆردوومان کراوە.
باڵەخانەی سەرەکیی دەسەڵاتی دادی ئێران لە نزیک ئەم ناوچەیە هەڵکەوتووە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نزیک مونیرییەیە و بەهۆی هەستیاریی ناوچەکەک، چەندین بنکەی پۆلیس، سوپای پاسداران و بەسیجی لێیە.
هاوکات وەزارەتی پیشەسازیی ئێران لە ناوچەی ویلای تارانە کە بە ''نەجاتوڵڵاهی''ـش ناسراوە، هەروەها ناوچەکە نزیکە لە باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمریکا کە 4ـی تشرینی دووەمی 1979 لەلایەن ئێرانەوە داگیر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ