رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 69 رۆژە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و هێرشە زەوینییەکانی تادێت زیاتر و فراوانتر دەبن، بەهۆی شەڕەکەوە سووتەمەنی لەو شارە بە تەواوی کەمبووەتەوە.
هاووڵاتییانی غەززە لە کامپ و لە خانووە رووخاوەکاندا دار و چیلکە و کارتۆن دەکەنە نێو کوانووەکانیانەوە و نان و خواردن دروست دەکەن.
سەرما و باران دۆخی ئاوارەکانی ئەو شارەی قورستر کردووە، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەردانی چەند ناوچەیەکی غەززەی کردووە دەڵێت، "نیوەی دانیشتووانەکەی خەریکە لە برسا دەمرن."
رۆژی یەکشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆربەندی دەوحە رایگەیاند، "نزیکە سیستمی تەندروستیی غەززە بە تەواوی تێکبچێت و ئەگەری چەند دۆخێکی خراپتریش هەیە."
گوتیشی،" دۆخەکە بە خێرایی بەرەو کارەساتێک دەڕوات کە ئەگەری هەیە کاریگەرییەکانی بۆ سەر فەلەستینییەکان بە گشتی و بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام بێت."