رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان واشنتن، تەلئەڤیڤ و بەیرووت رێکخست، بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ و بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان.
رۆژی سێشەممە (14-4-2026)، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ مایک نیدهام، راوێژکاری وەزارەت؛ میشل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان؛ یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.
ئەم دیدارە وەک یەکەمین گفتوگۆی ئاستبەرزی نێوان حکومەتەکانی ئیسرائیل و لوبنان لە ساڵی 1993ەوە هەژمار دەکرێت.
پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی هەرسێ لایەن کە وێنەیەکی لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، واشنتن پیرۆزبایی ئەم هەنگاوەی لە هەردوو وڵات کرد و پشتگیریی خۆی بۆ پلانەکانی حکومەتی لوبنان دەربڕی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی هەبوونی چەک لە دەستی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە "هەژموونی زاڵی ئێران" لەو وڵاتەدا.
واشنتن هیوای خواستووە ئەم گفتوگۆیانە ببنەهۆی واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی 2024 فراوانتر بێت. هەروەها ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ راگرتنی "کردە دووژمنکارییەکان، دەبێت تەنیا بە نێوەندگیریی واشنتن بێت".
مەرجەکانی ئیسرائیل و داواکارییەکانی لوبنان
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا پابەندیی خۆی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ نیشاندا و داوای چەککردنی هەموو گرووپە نادەوڵەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانیانی لە لوبنان کرد، "تاوەکو ئاسایشی گەلی هەردوو وڵات مسۆگەر بێت".
لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی لوبنان جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەروەریی تەواوەتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکەکەی کردەوە. بەیرووت داوای کرد رێکاری کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی وڵاتەکە بگیرێتەبەر و جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوەتیی بڕیاری راگرتنی هێرشەکان کردەوە.
دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ
لە کۆتایی دیدارە سێقۆڵییەکەدا، هەموو لایەنەکان لەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ رێککەوتن کە بڕیارە لە کات و شوێنێکی گونجاودا کە هەمووان لەسەری کۆک بن، بەڕێوەبچێت. ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆسەیە دەبێتەهۆی هاندانی وەبەرهێنان و دابینکردنی هاوکاریی گەورە بۆ بونیادنانەوەی لوبنان.
کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە رێکەوتی 14ی نیسانی 2026 رێکخست، بە بەشداریی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ مایک نیدهام، راوێژکار؛ عیسا، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان؛ یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا.
ئەم کۆبوونەوەیە یەکەمین گفتوگۆی ئاستبەرزی نێوان حکومەتەکانی ئیسرائیل و لوبنانە لە ساڵی 1993ەوە. بەشداربووان گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کرد کە دەبنەهۆی دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کرد بۆ ئەم وەرچەرخانە مێژووییە و پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان، هەروەها بۆ پلانەکانی حکومەتی لوبنان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی چەک بۆ دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە هەژموونی زاڵی ئێران دەربڕی. ئەمریکا هیوای خواست کە گفتوگۆکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی 2024 تێپەڕن و رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی لێ بکەوێتەوە. ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی حیزبوڵڵا دووپات کردەوە. هەروەها ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ راگرتنی کردە دووژمنکارییەکان دەبێت لەنێوان هەردوو حکومەتدا بێت و بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت، نەوەک لە رێگەی هیچ رێڕەوێکی دیکەی جیاوازەوە. ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دانوستاندنانە توانای ئەوەیان هەیە هاوکاریی گەورەی بونیادنانەوە و بووژانەوەی ئابووری بۆ لوبنان دابین بکەن و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ هەردوو وڵات فراوانتر بکەن.
دەوڵەتی ئیسرائیل پشتگیریی خۆی بۆ چەککردنی هەموو گرووپە تیرۆریستییە نادەوڵەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ژێرخانە تیرۆریستییەکان لە لوبنان دەربڕی و پابەندیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی لوبنان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە نیشاندا، تاوەکو ئاسایشی گەلی هەردوو وڵات مسۆگەر بێت. ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی راستەوخۆ دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام کە ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.
دەوڵەتی لوبنان جەختی لە پێویستیی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی راگەیێندراوی راگرتنی کردە دووژمنکارییەکانی تشرینی دووەمی 2024 کردەوە، هەروەها جەختی لە پرەنسیپەکانی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی تەواوەتیی دەوڵەت کردەوە؛ هاوکات داوای ئاگربەست و هەنگاوی کۆنکرێتی کرد بۆ چارەسەرکردن و سووککردنی ئەو قەیرانە مرۆییە سەختەی کە وڵاتەکە بەهۆی بەردەوامیی ململانێکانەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ لە کات و شوێنێکدا کە هەمووان لەسەری کۆک بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ