بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا: جەنگی ئێران و ئیسرائیل ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیادکردووە

14-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و جەنگی ئیسرائیل و ئێرانیش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەو ناوچەیە. 
 
رۆژی 14ی حوزەیرانی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراویکدا رایگەیاند، "یەکێتیی ئەورووپا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات". دەشڵێت، "دوای هێرشی ئیسرائیل و وەڵامی ئێران، نیگەرانی زیادبوونی مەترسیداری گرژییەکانین کە هەڕەشەن لەسەر ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی، "زۆر پابەندین بە ئاسایشی ناوچەکە و ئیسرائیلەوە". ئاماژەی بەوە کرد، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن و دان بەخۆیاندا بگرن". 
 
دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و ئیسرائیلی مووشەکباران کرد. ئەمڕۆش هەردوولا هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی تووندیان لەیەکدی کرد. 
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو کات رەتمانکردووەتەوە رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی". جەختی لەوەش کردەوە، "پێویستە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت". 
 
ئەو جەنگە لەکاتێکدایە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندکاری ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی بکرێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، بەشداریکردن لەو دانووستاندنە بێ مانایە. 
 
دواتر، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کۆبوونەوەی شاندی ئێران و ئەمریکا کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت بکرێت هەڵوەشایەوە. دیپلۆماسیەت و دیالۆگ تاکە رێگەی ئاشتین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە