سوپاسالاری ئیسرائیل: وەڵامی ‌هێرشەکەی ئێران دەدەینەوە

15-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپاسالاری ئیسرائیل لە بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل، کە شەوی شەممەی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کرا، قسەی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی بنکەی سەربازی (نڤاتیم)ی لە باشووری ئیسرائیل کرد، بە سەربازانی گوت، "ئەو هێرشەی ئێران کە بە مووشەک، مووشەکی کروز و درۆن کردیە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل وەڵامدانەوەی بەدوادا دێت".
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەی جیادا، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لە وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران کرد و گوتی، "ئێمە هەر شتێکی پێویست هەبێت بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەیکەین و ئێمە لەو دەرفەتە و ئەو کاتەی کە خۆمان هەڵیدەبژێرین ئەوە دەکەین".
 
هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە وڵاتەکەی زانیاری لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران هەبێت و گوتی، "ئێمە لە هیچ پڕۆسەیەکی بڕیاردان لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکە بەشدار نەبووین".
 
شەوی شەممە ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 99٪یان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکاوە خرانەخوارەوە پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.
 
هێرشەکە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر خاکی ئیسرائیل.
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند، "زیانێکی کەم بەر بنکەیەکی سەربازیمان کەوتووە." بنکەکە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل، بیابانی ناگڤ، نزیک شارۆچکەی ئەراد. 
 
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئێرانی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "گرنگترین بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە نەقەب، بە سەرکەوتوویی بووە ئامانجی مووشەکی خەیبەر. وێنە و داتاکان پێشانیدەدەن، کە بنکەکە گورزێکی سەختی بەرکەوتووە."
 
هێرشەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و وڵاتانی دۆستی ئیسرائیل زوو هاتنە سەر هێڵ و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران و پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، لەوانە بەریتانیا و کەنەدا. هەروەها بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا. 
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە دەکەم کە خۆی لە هێرشی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبینێتەوە، داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم دووژمنکارییانە دەکەم." 
 
رۆژی 01-04-2024 کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران. ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''لە بواری ئەخلاقی سیاسییەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.''
 
ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل، بەڵام تائێستا ئیسرائیل بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆی خۆی و رەتیشی نەکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پووتین و ئەردۆغان؛ وێنەکە لە ئەرشیفەوە وەرگیراوە

ئەردۆغان بۆ پووتین: تورکیا داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات

سەرۆککۆماری تورکیا و هاوتا رووسییەکەی لەبارەی دۆخ و پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردووی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی تورکیا رایدەگەیێنێت: وڵاتەکەی داکۆکی لە یەکپارچەیی سووریا دەکات. سەرۆکی رووسیاش داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات.