رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەرهەم ساڵح، بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاریی بەپەلە بگەیێننە لوبنان، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە، پێنجیەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، بەرهەم ساڵح دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە بەیرووت رایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتیوانی و فریاگوزاریی بەپەلە بۆ لوبنان دابین بکەن. لێکەوتە مرۆییەکانی ئەم جەنگە یەکجار گەورەن و جەخت دەکەمەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانەکان لە هێرشەکان."
بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران (UNHCR) ئاماژەی بەوە کرد، لوبنان شایستەی ئەوە نییە لە ناو بازنەیەکی دووبارەبووەوەی تووندوتیژیدا گیر بخوات، بەڵکو شایستەی پشتیوانی و سەقامگیرییە، گوتیشی رێکخراوەکەیان تەنیا "بەشێک" لەو 61 ملیۆن دۆلارەی بەدەست گەیشتوە کە داوای کردبوو بۆ پشتیوانیکردنی لوبنان لەم قەیرانی ئاوارەییە "بێوێنەیەدا".
بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، کە دەکاتە پێنجیەکی دانیشتوانی لوبنان، بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بوون، کە لەو ژمارەیەش 140 هەزار کەسیان لە پەناگە حکومییەکاندا نیشتەجێ بوون.
ئەم بڕە پارەیەی داواکراوە بەشێکە لە هەڵمەتی فریاگوزاریی خێرا بۆ لوبنان کە مانگی رابردوو ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆکردنەوەی 308 ملیۆن دۆلار رایگەیاندبوو.
لوبنان کە رووبەرووی وێرانکاریی جەنگ بووەتەوە، لە ساڵی 2019ەوە لە ناو قەیرانێکی دارایی توونددایە و هێشتا لە لێکەوتەکانی جەنگی 2024ی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا چاک نەبووەتەوە، کاتێک مانگی رابردوو ئەو گرووپە هاوپەیمانەی ئێران جارێکی دیکە وڵاتەکەی کێش کردە ناو جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوشارە سەربازییەکانی سەر ئەو وڵاتەی زیاد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ