گالەری

15-08-2025
9 Photos
 
 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان ئەمڕۆ هەینی یادی چوارەمین ساڵیادی گرتنەدەستی دەسەڵاتیان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکەم دانپێدانانی فەرمیی رووسیا بە حکومەتەکەیان هانی داون و هیوادارن وڵاتانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.
 
پلان بۆ نمایشەکان لە چەندین شاردا دانرابوو، لەنێویاندا ناوەندی کابول، کە بڕیار بوو هێلیکۆپتەرەکان گوڵ ببارێنن و ئاڵا سپی و رەشەکانی "ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان"ی تاڵیبان لە سەرانسەری شارەکەدا دەشەکانەوە بۆ یادکردنەوەی گرتنی پایتەخت لە 15ی ئابی 2021.
 
ئاژانسی ئەی ئێف پی بڵاویکردەوە، ئەندامانی تاڵیبان شەوی پێنجشەممە لە گۆڕەپانێکی نزیک باڵیۆزخانەی داخراوی ئەمریکا - کە بنکەی دوژمنەکەیان بوو لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا - کۆبوونەوە و ئاڵایان بەرز دەکردەوە و یاریی ئاگرینیان دەکرد.
 
نمایشی سەربازیی ساڵی رابردوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بنکەی ئاسمانیی بەگرام بەڕێوەچوو، کە سەردەمانێک بنکەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بوو، ئەم ساڵ بەبێ هیچ روونکردنەوەیەکی گشتی هەڵوەشێنرایەوە.
 
حکومەتی تاڵیبان تا رادەیەکی زۆر لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر ماوەتەوە بەهۆی ئەو کۆتوبەندانەی کە لە ژێر لێکدانەوەی توندیان بۆ یاسای ئیسلامی سەپاندوویانە، کە بەتایبەتی ژنانی کردووەتە ئامانج.
 
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە مانگی تەممووزدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو سەرکردەی باڵای تاڵیبان دەرکرد، و تۆمەتباری کردن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە رێگەی چەوساندنەوەی ژنان و کچانەوە، کە لە زۆربەی بوارەکانی خوێندن و کارکردن، هەروەها چوونە پارک و هۆڵە وەرزشییەکان و گەشتکردن بەبێ سەرپەرشتیارێکی پیاو، قەدەخە کراون.
 
بەڵام دەسەڵاتداران لە سەرەتای مانگی تەممووزدا سەرکەوتنێکیان بەدەستهێنا کاتێک رووسیا بووە یەکەم وڵات کە بە فەرمی دان بە ئیدارەکەیاندا بنێت.
هەروەها کابول، سەرەڕای نەبوونی دانپێدانانی فەرمی، پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ وڵاتانی وەک دەوڵەتانی ئاسیای نێوەڕاست، چین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
 
لەسەر ئاستی رۆژئاوا، حکومەتی تاڵیبان رایگەیاندووە کە لە کابول گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی نەرویج، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند لایەنێکی دیکەدا ئەنجامداوە.
 
دەسەڵاتداران نزیکەی هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆییان نییە، هەرچەندە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە کە سەرچاوە دەگرن لە لاوازیی ئابووری، بڕینی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان و لێشاوی چوار ملیۆن ئەفغانیی دەرکراو لە وڵاتانی دراوسێ.
 
رۆژی پێنجشەممە، شارەزایانی سەربەخۆ کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراون، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ئاسایی نەکەنەوە و "فەرمانڕەوایی توندوتیژ و دیکتاتۆریانە"یان رەتبکەنەوە.
 
شارەزایان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، "تاڵیبان بە کارکردن بەبێ شەرعییەت، سیستمێکی دامەزراوەیی لە چەوساندنەوەی جێندەری جێبەجێ دەکات، ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکات، تۆڵەسەندنەوە ئەنجام دەدات و میدیای سەربەخۆ کپ دەکات، لەکاتێکدا بە ئاشکرا سووکایەتی بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی دەکات".