رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بە درۆن و مووشەکی دوورهاوێژ دوو بنکەی گرووپی جەیشی عەدلی لەنێو پاکستان کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، ماڵپەڕی فەرمیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی بڵاویکردەوە، مووشەک و درۆنەکان هەردوو ئامانجەکەیان بە دروستی پێکاوە.
جەیشی عەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچیی دژی حکومەتی ئێرانە. وەکو پێگەی سوپای پاسداران ئاماژەی پێدەدات، "هەردوو بنکەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، لە ناوچەی کوه سەبزی پارێزگای بەلوچستانی پاکستان کراونەتە ئامانج".
تاوەکو ئێستا حکومەتی پاکستان هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەو هەواڵەی سوپای پاسداران نەبووە.
گرووپی جەیشی عەدل خۆی بە گرووپێکی رزگاریخوازی نەتەوەی بەلووچ دەناسێنێت و ناوە ناوە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕ و پێکدادانیان لە نێواندا روودەدات.
ئەو گرووپە لە 10 ساڵی رابردوودا چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ سوپای پاسداران لەنێو ئێران هەبووە و بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر چەندین بنکەی هێزەکانی ئێرانیشی گرتووەتە ئەستۆ.
ئەندامانی گرووپی جەیش عەدل لە نەتەوەی بەلووچن؛ ساڵی 2000 دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەبدولمالیک ریگی، رێبەری جوندوڵڵای لە سێدارەدا، گرووپی جەیش دامەزرا. سەلاحەدین فارووقی سەرۆکایەتیی گرووپەکە دەکات.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان هاوسنوورە و ئێران دەڵێت، چەکدارەکانی ئەو گرووپە زیاتر لە پاکستان دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ