ئەمریکا تاوتوێی بژاردەکان بۆ وەڵامدانەوەی حوسییەکان دەکات

17-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای رۆژئاوا دەڵێت، بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی بایدن تاوتوێی بژاردەکان بۆ وەڵامدانەوەی حوسییەکان دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا هێرشی درۆن و موشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوە ئاوییەکان زیادیکردووە و نیگەرانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێکەوتووەتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسێکی ئاگادار لەو بابەتە، پێنتاگۆن بەمدواییانە یەکێک لە بژاردەکانی جێبەجێکردووە و کەشتیێکی فڕۆکەهەڵگری جۆری یو ئێس ئێسی دوایت دی ئیزنهاوەری لە کەنداوی عەرەبی گواستووەتەوە کەنداوی عەدەن لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن. هەر ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشكرابکرێت دەڵێت، سوپا بژاردەکانی داوەتە فەرماندەکان بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەکان و چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆیان دەکەن.
 
ئیدارەی بایدن لە ترسی وروژاندنی ئێران خۆی لە هێرشی سەر حوسییەکان بەدوورگرتووە کە ناوە ناوە کەشتیی بازرگانی دەکەنە ئامانج. بەڵام زیادبوونی هێرشی حوسییەکان وایکردووە بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رای خۆیان بگۆڕن و چاو بە بژاردەی جیاواز بخشێننەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی ، بەیانیی رۆژی شەممە کەشتیی فرۆکەهەڵگری جۆری یو ئێس ئێس کارنی کە لە دەریای سوور جموجۆڵ دەکات، 14 هێرشی درۆنیی شكستپێهێناوە کە لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان ئاراستەکراون.
 
هاوکات، کەشتی جەنگیی بەریتانیی جۆری HMS Diamond كە بەمدواییانە گەیشتووەتە ناوچەکە، درۆنێکی حوسییەکانی خستە خوارەوە، ئەمەش یەکەمجارە بەریتانیا لە دەریای سوور لە وەڵامدانەوەی حوسییەکان تێوەدەگلێ لەوەتەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.
 
رۆژی هەینی، درۆنێکی حوسییەکان کەشتیێکی لە دەریای سوور کردە ئامانج و گڕی تێی بەردا کە ئاڵای لیبریای هەڵکردبوو، هەر هەمان رۆژ حوسییەکان دوو مووشەکی بالیستییان بە ئاراستەی بابول مەندەب هاوێشت و کەشتیی بازرگانی پلاتینیوم 3یان کردە ئامانج. ئەمریکا راستەوخۆ وەڵامی ئەم هێرشەی دایەوە.
 
هێرشی حوسییەکان کاریگەریی گەورەی بەسەر رێڕەوی بازرگانیی دەریاییەوە هەیە؛ رۆژی هەینی کۆمپانیای مایرسک کە گەورەترین کۆمپانیایە لە رێگەی دەریاوە کاڵا هەناردە دەکات، هەناردەکردنی لە رێگەی بابول مەندەب وەستاند کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە لەنێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە هەریەک لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا و چارلس بڕاون، سوپاسالاری ئەمریکا سەردانی تەل ئەڤیڤ بکەن و هەر بە گوێرەی میدیای رۆژئاوا، سەردانەکە بۆ رازیکردنی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سنووورداربکات لە ترسی تەشەنەسەندنی و بڵاوبوونەوەی بەسەر ناوچەکەدا.
 
شەڕی ئیسرائیل و حەماس 70 رۆژی تێپەڕاندووە و تاوەکو نزیکەی 19 هەزار فەڵەستینی کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، زیاتر لە 1200 کەسیان کوشتووە و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرتووە کە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر 100 لەو بارمتانە لەبەرامبەر 300 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.
 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە