رووداو دیجیتاڵ
لە شەشەم رۆژی جەنگەکەدا مووشەکەکانی ئێران پشوویان بە ئاسمانی ئیسرائیل نەدا. لە چەند شوێنێک لەنێو وڵاتەکە زیانیان خستەوە کە یەکێک لەوانە نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە بیئر سەبع بوو و بەر مووشەکێک کەوت.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، لانیکەم 70 کەس لە هێرشەکەدا برینداربوون. نەتەنیاهوو سەردانی شوێنەکەی کرد و لەوێوە هەڕەشەی کوشتنی لە خامنەیی کرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "پێشتر گوتوومە کە کەس پارێزراو نابێت. حەزم لەوە نییە قسەکانم ببنە مانشێت، بەڵکو پێم باشترە کردارەکانمان قسە بکەن. لە جەنگدا، پێویستە وشەکان هۆشیارانە هەڵببژێردرێن و کردارەکانیش پێویستە بە وردی ئامانجەکانیان بپێکن."
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، رۆژی پێنجشەممەی کۆی گشتی 271 کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل بریندار بوون.