ساڵیادی تەقینەوەی پەیجەر و بێ تەلەکانی حیزبوڵڵا؛ 'ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو تاوانە دەبێت سزا بدرێت'

19-09-2025
لهۆن نەسرەدین
وێنەی پەیجەرێک و ساتی رووداوەکە کە کەسێک بریندار بووە
وێنەی پەیجەرێک و ساتی رووداوەکە کە کەسێک بریندار بووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساڵێک بەسەر تەقینەوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان تێپەڕدەبێت، لە زاحیەی بەیرووت کە زۆرینەی شیعەنیشینە، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. لە خۆپیشاندانەکەدا وێنەی حەسەن نەسروڵڵا و کەمئەندام و نابینایانی حیزبوڵڵای لوبنان بەرزکرانەوە دروشمەکانی خۆپێشاندەران دژ بە ئیسرائیل بوون.
 
ئەندام و لایەنگرانی حیزبوڵڵا، یەکەمین ساڵیادی ئەو رووداوە یادکردەوە کە تێیدا پەیجەرەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقێندرانەوە.
 
رائید بێرۆ، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا رایگەیاند: "تاوانی ئامێرەکانی پەیجەر، ئیسرائیلی دووژمن خۆی دەڵێت 15 ساڵ بوو ئامادەکاری بۆ کردووە. ئەمە تاوانێکە دەبێت ئیسرائیلی دووژمن لە دادگە نێودەوڵەتییەکان لەسەری سزا بدرێت."
 
رۆژانی 17 و 18ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە ناوچەکانی بەیرووت و باشووری لوبنان، بە دوو کلیک، دوو جۆر ئامێری پەیوەندیکردن، "پەیجەر" و "بێ- تەل" لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ـەوە بە دەست، جەستە و رووی چەکدار و ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان تەقێندرانەوە. 
 
بەهۆی ئەو هێرشانەوە 42 کەس کوژران و 3 هەزار و 50 کەسیش برینداربوون، کە بەشی زۆریان نیڤشکان بوون.
 
عەلی ئیبراهیم، یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەو هێرشانەدا هەردوو چاوی لەدەست داوە و دەڵێت: "من هەردوو چاومم لە دەستدا و بوومە نابینایەکی تەواو، بەڵام ئێمە دەڵێین چاکبووینەتەوە. هەستاوینەتەوە سەر پێی و ئێمە گەڕاینەوە."
 
لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023وە، ئیسرائیل دەیان زنجیرە هێرشی ئاسمانی، زەوینی، درۆن، تیرۆرکردن و چالاکی هەواڵگری دژ بە حیزبوڵڵا لە لوبنان و سووریا ئەنجامداوە. لووتکەی ئۆپەراسیۆنەکان لە 27ی ئەیلوولی 2024 بوو، کە بە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبەکە کۆتایی هات.
 
فەرەح راشید، لایەنگرێکی دیکەی حیزبوڵڵایە لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا: "بەشێک لە گەنجە بریندارەکانی هێرشی ئامێرەکانی پەیجەر بەشدارییان لە جەنگی دژ بە ئیسرائیلی دووژمن کردووە. نە ئەمانە بێدەنگ دەبن و نە حیزبوڵڵاش بێتوانایە وەک ئەوان بیر دەکەنەوە."
 
دوای کوژرانی نەسروڵڵا، حیزبوڵڵا ناچار کرا لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە ئاگربەستی مەرجداری ئیسرائیل رازی بێت، کە بریتی بوو لە داماڵینی چەکەکەی و کشانەوە لە باشووری لوبنان کە هاوسنووری ئیسرائیلە. 
 
لە لوبنان دەست بە رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو دوو مەرجە کراوە، بەڵام ئیسرائیل کە رێککەوتنەکە بە چوونە دەرەوە لە باشووری لوبنان ناچاری دەکرد، لەوێ ماوەتەوە و لەو کاتەوە 5 ناوەندی سەربازی لەسەر 5 بەرزایی لوبنان دامەزراندووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە