رووداو دیجیتاڵ
گەمارۆی تووند و بۆردوومانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، رۆژانەش بە فڕۆکە هاوکاریی وڵاتان بەسەر دانیشتووانی برسیی کەرتەکەدا فڕێدەدرێتە خوارەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی غەززە، پێداویستییەکانی خەڵک پڕ ناکاتەوە.
ئیسرائیل گەمارۆی خستووەتە سەر غەززەییەکان تەنیا رێگەی بە چەند وڵاتێکی نێوەندگیر داوە هاوکارییەکان بگەیێننە خەڵک. بەرپرسانی سەربازیی حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهووش دووپاتیدەکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.
ئەم جەنگە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و تائێستا بەپێی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 62 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم 18 هەزار و 885 منداڵن.
تەندروستیی غەززە بەپێی ئامارێک دەڵێت: رۆژانە لانیکەم 28 منداڵ بەهۆی برسێتی و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیان لەدەستدەدەن.
هاوکات رێکخراوی (UNRWA)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: "هیچ شوێنێک لە غەززە بۆ منداڵان سەلامەت نییە."