رووداو - ئهستانا
شاندی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە راستەوخۆکانی لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا بەسەرکردایەتی تورکیا و رووسیا، گەشیتە شاری ئهستانای پایتەختی كازاخستان.
باڵیۆزخانەی ئێران لە كازاخستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شاندی ئێران بەسەرۆکایەتیی حوسێن جابر ئەنساری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا گەیشتووەتە ئەستانا.
شاندی ئێران بەر لە گفتوگۆر فەرمییەکان، لەگەڵ شاندی تورکیا و رووسیا کۆدەبێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە كراوە، مەبەست لە کۆبوونەوەی ئەم سێ وڵاتە رەخساندنی هەلومەرجی گونجاوە بۆ ئەنجامی ئەرێنی لە گفتوگۆكانی ئهستانادا.
رۆژی 23 ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەستانا بەنێوەندگیری رووسیا، توركیا و ئێران لەنێوان حكومەت و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا لە شاری ئەستانای پایتەختی كازاخستان بەڕێوەدەچێت و، تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان.
تاوەكو ئێستا تەنیا سێ كورد بۆ كۆبوونەوەكە بانگهێشتكراون، ئەوانیش: ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنەكەسە، پارێزەر دەروێش میرکان، هەروەها بەشداریكردنی پەیەدە بەتایبەت لەلایەن توركیاوە رەتكراوەتەوە.
ئەمریكا بۆ كۆبوونەوەكە بانگهێشتراوە، جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی 18-1-2017، واتە پێش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەو وڵاتە، داوای لە ئیدارەی نوێی واشنتن كرد بەشداری كۆبوونەوەكە بكات، تاوەكو ئێستاش ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاندووە.
رۆژی شەممە 21-1-2017، نزار حەراکیم، باڵیۆزی سووریا لە قەتەر رایگەیاند، ئەمریکا بەشداری دانوستاندنەكان دەكات. ئێران هەر لە سەرەتاوە دژایەتی بۆ بەشداریكردنی ئەمریكا راگەیاندووە، بەڵام بەپێچەوانەوە رووسیا و توركیا لەگەڵ ئەوەدان بەشداری بكات.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ