رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژ دوای کەمبوونەوەی هێرشەکان، رۆژی هەینی 20ـی ئادار، ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی دەستیان بە بۆردوومانکردنی ناوچە جیاوازەکانی ئێران کردەوە.
سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، بەردەوام دەبن لەسەر هێرشەکانیان بە ئامانجی لاوازکردنی زیاتری توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تاران و کەرەج
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 20ی ئاداری 2026 تاوەکو شەوی هەینی، دەیان ئامانج لەنێو شار و دەوروبەری شاری تاران بۆردوومان کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئامانجەکان زیاتر لە رۆژئاوا، ناوەند و باشووری تاران بوون. لە رۆژئاوای تاران، هێرشکرایە سەر چەندین شوێن لە گەڕەکەکانی (تەرەشت، نەواب، تێهرانسەر و نزیک فڕۆکەخانەی مێهرئاباد).
لە گەڕەک و شەقامەکانی (مونیریە، لەواسان، گیشا، وەلیعەسر، پیروزی، فەلەستین، سەیدخەندان، دەبستان و شەریعەتی).
ئەو ئامانجەی لە شەقامی فەلەستین بۆردوومان کراوە، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونە و بە تایبەت چوار نهۆمی باڵەخانەکە کراوەتە ئامانج.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی رۆژی هەینیی تاران دا چەند باڵەخانەی نیشتەجێبوون، کارگێڕی و بازرگانی بۆردوومان کران و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی هەینی لە دوو شەپۆلی هێرش دا لە تاران و دەوروبەری، چەندین کارخانە و بنکەی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی مووشەکیان بۆردوومان کردووە و لە کاتی بۆردوومانەکاندا، هێزەکانی ئێران لەو شوێنانە بوون. هەروەها دەڵێت، بەردەوامن لە دۆزینەوە و کردنە ئامانجی شوێنی خۆحەشاردانی بەرپرسانی باڵای ئێران.
کۆمەڵگەی سەربازیی (پارچین) و بنکە سەربازییەکان لە قەرچەکی باشووری رۆژهەڵاتی شاری تارانیش جارێکی دیکە بە چڕی بۆردوومان کرانەوە.
هەروەها لە پەردیس و لەسەر رێگەی تاران بۆ دەماوەند، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستران، بەڵام زانیاری پشتڕاستکراوە لەبارەی ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون، بڵاونەکراونەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەینی رایگەیاند، لە کەرەج دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی زەوی بە زەوی بۆردوومانکردووە کە مۆنتاژکردنی مووشەکی بالیستی بەکارهێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی (سیمین دەشت)ـدا بووە کە بە جەمسەرێکی پیشەسازیی لە ئێران هەژمار دەکرێت و دەیان کارخانە و کارگە و یەکەی پیشەسازی تێدایە. لە رۆژانی رابردووش دا، چەندین جار ژمارەیەک شوێن لەنێو ئەو شارۆچکە پیشەسازییەدا بۆردوومانکراون.
جگە لەو دامەزراوەیە، بەیانی و دوانیوەڕۆی هەینی، لە رۆژئاوا و ناوەندی شاری کەرەجیش چەند شوێنێک بۆردوومانکراون.
زیاتربوونی هێرشەکان
بەرەبەیانی هەینی، ناوەندی سەرەکیی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش (سوپا)ـی ئێران لە شاری ئیسفەهان بۆردوومانکرا. لە شارەکانی (نەجەفئاباد، شەهرەزا، مەحەلات، خومەینیشەهر و کاشان)ـیش بنکە مووشەکییەکان و ناوەندەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج. سێنتکۆم رایگەیاندووە، لە خومەینیشەهر کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی درۆنیان بۆردوومانکردووە. تاوەکو ئێستا کوژرانی ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیسفەهان بە فەرمی راگەیێندراوە.
لەنێو شار و دەوروبەری کرمانیش بەیانیی هەینی پێنج شوێن بۆردوومانکراون. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکردنی پشتڕاست کراوەتەوە، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسدارانە لە پارێزگای کرمان. هەروەها ژمارەیەک لە دانیشتووانی کرمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەنگی تەقە و تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی شارەکەش بیستراوە.
لە نزیک شاری ئەراکیش چەند شوێنێکی سەربازی بۆردوومانکراون. ئەراک ناوەندی پارێزگای مەرکەزییە و لە سەرەتای شەڕەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن بە فڕۆکە و مووشەک بەردەوام بۆردوومانی بنکە و ئامانجە ئەمنی و سەربازییەکان دەکەن لەو شارە.
پێشنیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆی هەینی سێ شوێن لە شاری ئەهواز بۆردوومانکراون. یەکێک لەو شوێنانە، سەربازگەی هێزی پیادەی ئەرتەش(سوپا)بووە لەو شارە.
لەنێو شار و دەوروبەری شاری سمنان، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران، بنکەیەکی بەسیج و پۆلیس و هەروەها خاڵێکی پشکنین کرانە ئامانج. لە شاری (مێهدیشەهر) لە پارێزگای سمنانیش چەند شوێن بۆردوومانکران. جگە لە خودی ئەو شارە، ئامانجەکانی دیکە لە شارۆچکەکانی (شەهمیرزاد و دەرجەزینی سەر بە مێهدیشەهر بوون و بنکەی سەربازین. محەممەد جەواد کۆلیوەند، پارێزگاری سمنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 9 کەس کوژراون و 26 کەسیش برینداربوون.
رۆژی هەینی، هێرشکرایە سەر سەربازگەیەکی سوپای پاسدارانیش لە نزیک شاری تەورێز. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات رۆژی هەینی رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی قەرامەلک لە نزیک شاری تەورێز، 13 کەس لە هێزەکانیان کوژراون و 18ـی دیکەش برینداربوون.
دوای نیوەڕۆی هەینی لە نزیک شاری یەزد، بنکەی مووشەکیی پشت (پارکی کوهستان) بۆردوومانکرایەوە. ئەو بنکەیە لەنێو شاخدا دروستکراوە و لە رۆژانی رابردووشدا، چەندین جار بۆردوومانکراوە. بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، دوای بۆردوومانەکە دووکەڵی زۆر لەو شوێنە بەرزبووەتەوە.
لە شاری بەندەر عەباسی باشووری ئێرانیش، جارێکی دیکە بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش (سوپا)ـی ئێران بۆردوومانکرایەوە. سێنتکۆم شەوی هەینی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە "بوونەتە هەڕەشە لەسەر تەنگەی هورمز و دەوروبەری".
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا نیوەشەوی هەینی (بە کاتی باشووری کوردستان) رایگەیاند، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکشکاندنی ئامانجە سەربازییەکان لە قووڵایی خاکی ئێران، درێژە بە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران دەدەن. هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند لەوانەیە شەڕی دژی ئێران چوار تاوەکو پێنج هەفتەی دیکە بەردەوام بێت ، تاوەکو ئامانجەکانی بەدیبێنێت.
لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن ، ئیسرائیلیش دانی پێدادەنێت کە ژیان و کار لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی ئێران پەکیکەوتووە . هەروەها لە دوێنێ بەیانی هەینییەوە تائێستا ئێران هێرشیکردووەتە سەر ئامانجەکان لە پێنج وڵاتی کەنداو. 40 مووشەک ئاراستەی سعودیە کراون لە دوێنێ هەینییەوە . هەروەها ئیمارات رایگەیاند ئێران تائێستا 1740درۆن و 338 مووشەکی بالیستی و 15 مووشەکی زوەین بە زەوینی ئاراستەکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ