رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو کاژێر سێی بەرەبەیانی شەوی دووشەممە 24ـی ئادار، ئێران گەرووی هورمز نەکاتەوە، دەست بە بۆردوومانکردنی وێستگەکانی وزە و کارەبای ئێران دەکەن. هاوکات، بۆردوومانکردنی داوودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نزیکەی کاژێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026 (بە کاتی باشووری کوردستان) لە پۆستێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، ئەگەر ئێران لە ئێستاوە تاوەکو 48 کاژێری دیکە، گەرووی هورمز بە تەواوی و بێ هیچ هەڕەشەیەک نەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە (کارەبا)ـی ئێران دەکاتە ئامانج و لە گەورەترینیانەوە دەست پێدەکات.
لە بەرامبەردا ئیبراهیم زولفەقار، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ئەمڕۆ لە رێگەی ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئێرانەوە رایگەیاند ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران، ئەوا ئێران هێرش دەکاتە سەر وێستگە و پڕۆژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پڕۆژەکانی شیرینکردنی ئاو لە ناوچەکەدا کە ئەمریکا و ئیسرائیل دروستیان کردوون.
ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی کەنداو ئاوی خواردنەوەیان لە پڕۆژەکانی شیرینکردنی ئاو وەردەگرن.
ئەمریکا بۆمبێکی تایبەتی هەیە بە ناوی (گرافایت)، بەو بۆمبانە وێستگەکانی کارەبا لە کار دەخرێن بەبێ ئەوەی وێستگەکان لەنێوببرێن.
هێرشەکان بۆ سەر ئێران
لە کاژێر 1ـی بەرەبەیانی یەکشەممەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە رۆژهەڵات، باکوور، ناوەند و باشووری تاران چالاکبوون و تەقەیان بە ئاسماندا کرد. دانیشتووانی تاران بڵاویانکردووەتەوە، لەگەڵ چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە چەندین شوێنی پایتەختی ئێران بەرزبووەتەوە.
رۆژی شەممەش، چەندین شوێن لەنێو شار و دەرەوەی تاران بۆردوومان کران.
لە بەرەبەیان تاوەکو شەوی شەممە 21ـی ئادار، لە گەڕەک و شەقامەکانی (عەباسئاباد، لەویزان، نەواب، نارمەک، میرداماد، تێهرانپارس، ئێکباتان، خانیئابس پونەک، چیتگەر، دەوڵەتئاباد، بەهار، میرداماد، ئێکباتان، مەحەلاتیی ئازادگان) و هەروەها لە شەقامەکانی (جولفا، پیروزی، جانبازان، شەریعەتی) و دەوروبەری گۆڕەپانی (ئیمام حوسێن)چەندین شوێن کراونەتە ئامانج. لە شارەکانی (ئیسلامشەهر، شەهریار، پاکدەشت و شەهری رێی)ـی پارێزگای تارانیش، ژمارەیەک ئامانجی سەربازی و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بۆردوومان کراون.
هێرشەکانی بەرەبەیان و بەیانیی شەممە لەسەر تاران بە فڕۆکە کراون، بەڵام بە گوتەی ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان بڵاوکردووەتەوە، لە کاژێر 10 تاوەکو 12ـی نیوەڕۆ بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر شوێنە جیاوازەکان لەنێو شاری تاران. یەکێک لەو شوێنانەی زیاترین مووشەکی لێدراوە، ناوەندی فەرماندەیی و بنکەکانی هێزی ئاسمانیی سوپا (ئەرتەش) بووە.
لە کەرەج و شارەکانی دیکەی پارێزگای ئەلبورزیش، زیاتر لە 20 شوێن بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی به چڕی بۆردوومان کرا، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسدارانە لە شاری هەشتگردی پارێزگاکە.
فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەروەها بەیانیی شەممە، چەند ئامانجێکیان لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسیش بۆردوومان کرد. میدیا حکومییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە هێرشەکانی رۆژی شەممە بۆ سەر شاری شیراز، حەوشەی مۆزەخانەیەکی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کراوەتە ئامانج.
بەرەبەیانی یەکشەممە 22ـی ئادار، لە شاری یەزدیش سەربازگەیەکی هێزی پیادەی سوپای پاسداران بە ناوی (ئەلغەدیر) و هەروەها بنکەی مووشەکیی پشت پارکی کوهستان، چەند جار بە فڕۆکە بۆردوومانکران.
لە پارێزگای ئیسفەهان، دەوروبەری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز بۆردوومانکرا. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە بنکەیەکی بەرگری ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران بووە.
شەوی شەممە، لە شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلوچستانیش چەند بنکە و ئامانجی سەربازی بۆردوومانکران. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکراوە، سەربازگەی (ئیمام عەلی)ـی سوپای پاسدارانە لە چابەهار.
لە باکووری ئێران، لە شاری رامسەری پارێزگای مازەندەران ئامانجێک بۆردوومانکرا. پارێزگاری مازەندەران دەڵێت، دوو هاوژین و منداڵەکەیان گیانیان لەدەستداوە. لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی کوژراوە سەعید ئاقاجانی، فەرماندەی بەشی درۆنە لە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران.
هەروەها لە شاری کیاشەهری پارێزگای گیلان باڵەخانەیەک بۆردوومانکرا. بە گوتەی پارێزگاری گیلان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو کەس لە گوندێکی سەر بە شاری کیاشەهر کوژراون.
لە نزیک شاری رەفسەنجان لە پارێزگای کرمان، شوێنێک بۆردوومانکرا و بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، ئاگری گرتووە. ئەو کەسانەی وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە دەڵێن کۆگەیەکی تەقەمەنی بووە، بەڵام جێگری پارێزگاری کرمان دەڵێت، شوێنی نیشتەجێبوون کراوەتە ئامانج.
پارێزگای خوزستان
رۆژی شەممە، دوای تاران، زیاترین هێرشەکان لە پارێزگای خوزستان کران و چەندین ئامانج لەو پارێزگایەی رۆژئاوای ئێران بۆردوومانکران.
یەکێک لە ئامانجەکان، بنکەی سەرەکیی ژمارە 4ـی هێزی ئاسمانیی سوپا (ئەرتەش)ـی ئێران بووە کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی دێزفول و ئەندیمێشک.
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای خوزستان دەڵێت، لە ئەندیمێشک نەخۆشخانەی (ئیمام عەلی) کە تاکە نەخۆشخانەی گشتیی شاری ئەندیمێشکە، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و بەهۆی ئەوەی زیانی زۆری پێگەیشتووە، نەخۆشخانەکەیان چۆڵکردووە.
هەروەها لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگاکە، لە بەرەبەیانەوە تاوەکو شەوی شەممە چەند شوێن بۆردوومانکراون. بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، یەکێک لەو شوێنانەی لە ئەهواز بۆردوومانکراوە، کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری بووە.
دوای هێرشەکە، جێگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، بۆمبەکان لە زەوییەکی بەتاڵی دەوروبەری شاری ئەهواز کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زیانیان بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون گەیاندووە.
هەروەها درەنگانی شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممە، کۆمەڵگەی دروستکردن و نۆژەنەکردنەوەی کەشتی لە شاری خوڕەمشاری پارێزگای خوزستانیش بۆردوومانکرا. ئەو کۆمەڵگەیە لە کەنارئاوەکانی رووباری ئەروەند (شەتولعەرەب)ـە و سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێرانە، بەڵام لەلایەن هێزی دەریایی سوپا (ئەرتەش) و سوپای پاسدارانیش بەکاردەهێندرێت.
هەروەها سوپای پاسداران ئەمڕۆ رایگەیاند لە هێرشی ژمارە 73 بۆ سەر ئیسرائیل، بەگشتی 200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ