رووداو - هەولێر
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر دوو برووسکەی پیرۆزبایی بۆ سەلمان عەبدولعەزیز، شای سعودیە و محەممەد سەلمانی کوڕی نارد و پیرۆزبایی لێکردن بەبۆنەی دیاریکردنی محەممەد سەلمان وەک جێنشینی شا، ئەوەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەوپەڕی خراپیدایە.
لە برووسکەکەیدا بۆ شا سەلمان، ئەمیری قەتەر هیوای تەندروستی بۆ دەخوازێت و دەڵێت: "هیوای بەردەوامی پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ گەلی شانشینی سعودیەی عەرەبی برا دەخوازین لە سێبەری فەرمانڕەواییە حەکیمەکەیدا، هیوای پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتریش بۆ پەیوەندییە برایەتییە تووندەکەی نێوان هەردوو وڵات دەخوازین".
شێخ تەمیم لە برووسکەیەکدا بۆ محەممەد سەلمان دەڵێت: "هیوامان سەرکەوتن و گەیشتنە بەوەی خێرە بۆ شانشینەکە لە سێبەری فەرمانڕەوایی حەکیمی شا سەلمان، هیواشمان پێشکەوتن و گەش و نمای زیاترە بۆ پەیوەندییە برایەتییە تووندەکانی نێوانی هەردوو وڵات".
ئەو برووسکەیە لەکاتێکدایە، سعودیە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبی هەموو جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ قەتەر بچڕاندووە، سنوورەکانیشیان بەڕوویدا داخستووە لە زەمین و ئاسمانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە "تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و پشتیوانیکردنی تیرۆر" تۆمەتباریانکرد.
رۆژی چوارشەممە 21-6-2017 شا سەلمان، شای سعودیە کوڕە 31 ساڵانەکەی (محەممەد بن سەلمان)ی وەک شازادەی جێنشینی تەختی شاهانەیی دیاریکرد، ئەوەش دوای ئەوەی محەممەد نایف-ی برازای لەو پۆستە دوورخستەوە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە محەممەد سەلمانەوە کرد و پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی وەک جێنشین لێکرد، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ