رووداو دیجیتاڵ
تا دێت نرخی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026، کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدە بەڕێوەدەچن، بەرز دەبنەوە و هاندەرانی تۆپی پێ ناڕازین و دەڵێن "ئەم مۆندیالە مۆندیالە دەوڵەمەندەکانە".
بەپێی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، نرخی بلیتەکانی جامی جیهانی 2026، کە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا میوانداری دەکەن، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لەنێو گرووپەکانی هاندەراندا دروستکردووە، دوای ئەوەی نرخەکان لەم رۆژانەی دواییدا بەشێوەیەکی بێوێنە بەرزبوونەوە.
کۆمەڵەی Football Supporters Europe جەختی لەوە کردەوە کە ئەو نرخانەی فیفا بەسەر دڵسۆزترین هاندەراندا سەپاندوویەتی گەیشتوونەتە ئاستێکی خەیاڵی ، و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەبوونی هاندەرێک بۆ تیپەکەی لە یەکەم یارییەوە تاوەکو یاریی کۆتایی لەڕێگەی ئەو بلیتانەی بۆ یەکێتییە نیشتمانییەکان تەرخانکراون، لانیکەم 5800 یۆرۆ تێدەچێت، واتە پێنج ئەوەندەی نرخی جامی جیهانی 2022 لە قەتەر.
جۆرە هەرزانەکانی بلیت تەنیا بۆ فرۆشتنی گشتی بەردەستن
کۆمەڵەکان روونیان کردەوە کە ئەو جۆرە بلیتانەی هەرزانن، لەڕێگەی یەکێتییە نیشتمانییەکانەوە بۆ هاندەران بەردەست نابن، چونکە فیفا ئەم بلیتانەی بۆ فرۆشتنی گشتی تەرخانکردووە بەنرخی گۆڕاو بەپێی سیاسەتی دیاریکردنی نرخی داینامیکی، کە کۆمەڵەکان ئەمەیان بە 'خیانەتێکی گەورە'وەسف کردووە.
نرخی جیاواز بۆ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان
بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، فیفا سیاسەتی نرخی گۆڕاوی بۆ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان پەسەند کرد، کە پشت بە هۆکاری ناڕوون دەبەستێت وەک ناوبانگی تیپەکان، ئەمەش بەو مانایەیە کە هاندەرانی وڵاتە جیاوازەکان نرخی جیاواز دەدەن بۆ هەمان جۆری بلیت، بەبێ هیچ شەفافییەتێک و روونکردنەوەیەک دەربارەی پێکهاتەی نرخەکان.

تێچووی ئامادەبوون لە یاریی کۆتایی پێشبینییەکانی تێپەڕاند
بەپێی راپۆرتەکانی BBC، ئامادەبوون لە یاریی کۆتایی لە یاریگای MetLife لە نیویۆرک/ نیوجێرسی نزیکەی 3500 یۆرۆ بۆ بلیتی ئاسایی و 7500 یۆرۆ بۆ کورسییە نایابەکان تێدەچێت، ئەمەش رووداوەکە دەکاتە 'بەرهەمێکی لوکس بۆ کەسانی دەوڵەمەند'، و دوورە لە توانای هاندەری ئاسایی بۆ ئامادەبوون.
داواکاریی بۆ پێداچوونەوە بە نرخەکان
کۆمەڵەکانی هاندەران داوایان لە فیفا کردووە، کە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکایەتی دەکات، دەستبەجێ فرۆشتنی بلیت لەڕێگەی یەکێتییە نیشتمانییەکانەوە رابگرن و پێداچوونەوە بە نرخەکان و جۆرەکانی دابەشکردندا بکەن، بەو پێیەی نرخەکانی ئێستا بە 'زللەیەک لە روومەت' دادەنێن بۆ هەموو هاندەرانی تۆپی پێ لە جیهاندا.
قۆناخی سێیەمی فرۆشتنی بلیت
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، فیفا تیروپشکێکی هەرەمەکی بۆ کڕینی بلیت لە قۆناخی سێیەمی فرۆشتندا دەستپێکرد، کە تاوەکو رۆژی 13ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت، بەمەرجێک لەم ماوەیەدا نرخەکان جێگیر بن.
فیفا داواکاریی زۆری پێگەیشت بۆ راگرتنی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی جامی جیهانی 2026، دوای ئەوەی دەرکەوت کە دڵسۆزترین هاندەرانی هەڵبژاردەکان ناچاردەبن نرخێکی زۆر بەرز بدەن.
یەکێتیی تۆپی پێی کرواتیا وردەکاریی نرخەکانی بڵاوکردەوە، لە چوارچێوەی پشکی ئەندامانی بەشداربوو، کە دیزاین کراوە بۆ دابینکردنی بلیت بۆ ئەو هاندەرانەی لە زۆرترین ژمارەی یارییەکان ئامادە دەبن بەنرخی جێگیر نەک گۆڕاو.
لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێتیی کرواتیا رایگەیاند کە هەرزانترین بلیت بۆ یاریی کۆتایی مۆندیال، کە لە 19ـی تەممووز بەڕێوەدەچێت، دەگاتە 4185 دۆلار.
کۆمەڵەی هاندەرانی تۆپی پێ لە ئەورووپا ئەم رێکارەی فیفای بە 'خیانەتێکی گەورە' بەرامبەر هاندەران وەسف کرد. گوتیشی بەپێی ئەو زانیارییانەی تاوەکو ئێستا لەبەردەستیاندایە، هاندەران ناچار دەبن 6300 یۆرۆ بدەن بۆ ئامادەبوون لە هەموو یارییەکان؛ لە یاریی یەکەمەوە تاوەکو یاریی کۆتایی، لەڕێگەی پشکی ئەندامانی بەشداربووەوە؛ کە دەکاتە پێنج ئەوەندەی ئەوەی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکانی قەتەر دەیاندا.

نیگەرانییەکان بەردەوامن
کۆمەڵەی هاندەرانی تۆپی پێ لە ئەورووپا، لە بەیاننامەیەکدا، نیگەرانیی تووندی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو نرخە گرانانەی کە فیفا بەسەر هاندەرانی جامی جیهانیی ساڵی داهاتوودا سەپاندوویەتی.
کۆمەڵەکە گوتیشی "ئەمە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای نەریتەکانی جامی جیهانی دادەنرێت، و پشتگوێخستنی رۆڵی هاندەرانە لە بەخشینی ئەو سیمایە تایبەتە بە پاڵەوانێتییەکە".
هەروەها گوتی "داوا لە فیفا دەکەین دەستبەجێ پرۆسەی فرۆشتنی بلیتی لەم جۆرە رابگرێت، و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە زیانلێکەوتووەکان بکات، و پێداچوونەوە بە نرخی بلیت و دابەشکردنی جۆرەکاندا بکات؛ تاوەکو دەگەنە چارەسەرێک کە رێز لە نەریت و جیهانیبوون و گرنگییە رۆشنبیرییەکەی جامی جیهانی بگرێت".
فیفا لە یەکەم 24 کاژێردا 5 ملیۆن داواکاریی بلیتی پێگەیشتووە
یەکێتیی تۆپی پێ نێودەوڵەتی، لە چەند کاژێری رابردوودا رایگەیاند کە نزیکەی پێنج ملیۆن داواکاریی بلیتی پێگەیشتووە، تەنیا لە یەکەم 24 کاتژێری دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی فرۆشتنی بلیتی جامی جیهانی2026.
ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ خواستێکی جیهانیی بێوێنە لەسەر پاڵەوانێتییەکە، سەرەڕای زیادبوونی رەخنە و تووڕەیی کۆمەڵەی هاندەران بەهۆی بەرزی نرخەکانەوە.
گرنگیپێدانێکی جیهانیی بێوێنە بۆ ئامادەبوون لە مۆندیالی 2026
فیفا روونیکردەوە کە هاندەران لە زیاتر لە 200 وڵات و هەرێمەوە داواکاریی کڕینی بلیتیان پێشکێش کردووە، دەستبەجێ دوای کردنەوەی دەرگای فرۆشتن لەم هەفتەیەدا، کە یەکەم دەرفەتە بۆ هاندەران داواکاریی بۆ یارییە دیاریکراوەکان پێشکێش بکەن، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدرا.
بڕیارە وەشانی داهاتووی مۆندیال لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت، کە دەبێتە یەکەم وەشان لە مێژوودا بە بەشداری 48 هەڵبژاردە ئەنجام بدرێت.
فیفا جەختی کردەوە کە ژمارە تۆمارکراوەکان رەنگدانەوەی ئەو جۆش و خرۆشە گەورەیەن کە دەوری پاڵەوانێتییەکەی داوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ نیازێک نییە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی نرخ دانان، سەرەڕای رەخنە زۆرەکان کە لەدوای راگەیاندنی فەرمی نرخەکان لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە روویان لە زیادبوون کردووە.

یارییە گەورەکان پێشەنگی داواکارییەکانن
فیفا روونیکردەوە کە سێ وڵاتە میواندارەکە لە پێشەنگی لیستی داواکاریی بلیتەکان بوون، دوای ئەوان کۆلۆمبیا، ئینگلتەرا، ئیکوادۆر، بەرازیل، ئەرجەنتین، سکۆتلاند، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، فەرەنسا و پەنەما دێن.
یاریی کۆلۆمبیا بەرامبەر پۆرتوگال لە مەیامی لە 27ـی حوزەیران، کە لەوانەیەکریستیانۆ رۆناڵدۆ تێیدا بەشدار بێت، لە پێشەنگی ئەو یارییانە بوو کە زۆرترین داواکارییان لەسەرە، هەروەها یارییەکانی دیکەش خواستی زۆریان لەسەر بوو وەک:
بەرازیل × مەغریب (نیوجێرسی)
مەکسیک × کۆریای باشوور (گوادالاخارا)
ئیکوادۆر × ئەڵمانیا (نیوجێرسی)
سکۆتلاند × بەرازیل (مەیامی)
فیفا ئاماژەی بە گرنگیپێدانی بەهێز لەلایەن ئەمریکای باشوور و ناوەڕاستەوە کرد، و بە بەڵگەی دانا لەسەر توانای پاڵەوانێتییەکە بۆ ورووژاندنی جۆشوخرۆشی هاندەران پێش دەستپێکردنی لە حوزەیرانی 2026.
دیاریکردنی نرخی داینامیکی بەردەوامە
سەرەڕای ئەوەی دۆسێیەی میوانداریی مۆندیالی2026 بەڵێنی دابینکردنی سەدان هەزار بلیتی بە نرخی 21 دۆلار لەخۆگرتبوو، بەڵام فیفا سیستمی دیاریکردنی نرخی داینامیکی بۆ یەکەمجار لە جامی جیهانی پیاوان پەسەند کرد، هاوشێوەی ئەوەی لە مۆندیالی یانەکان لەم هاوینەدا جێبەجێ کرا.
بۆ بەراوردکردن، نرخی بلیتی مۆندیالی 1994 لە ئەمریکا لەنێوان 25 بۆ 475 دۆلار بوو، لەکاتێکدا نرخی مۆندیالی 2022ـی قەتەر لە نێوان 70 بۆ 1600 دۆلار بوو.
قۆناخی ئێستا بە سیستمی تیروپشکی هەرەمەکی بەڕێوەدەچێت، کە هاندەران دەتوانن داواکاریی پێشکێش بکەن بەپێی یاری و جۆر و ژمارەی بلیتەکان، بەبێ ئەوەی گەرەنتی بەدەستهێنانیان هەبێت، و ئەم قۆناخە تاوەکو 13ـی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت، و لە مانگی شوباتدا براوەکان ئاگادار دەکرێنەوە و پارەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی رادەکێشرێت.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قەبارەی داواکارییەکان پشتڕاستکردنەوەی دروستیی ئەو نموونەیەیە کە پەسەندکراوە، و دووپاتیکردەوە کە جامی جیهانی وەک بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنان لە تۆپی پێی جیهانیدا دەمێنێتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ