گالەری

23-07-2025
31 Photos
رووداو دیجیتاڵ
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە سێ رۆژدا 21 کەس لە برسا گیانیان لەدەستداوە. ئەمە لەکاتێکدا گەمارۆی تووندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە بەردەوامە و رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکاریی مرۆیی نادات.
 
چەند هەفتەیەکە ئیسرائیل رێگە نادات هیچ هاوکارییەک بگاتە غەززە. تەندروستیی غەززە هۆشداری دەدات لەوەی "برسێتیی کوشندە" رووی لە خەڵکی کەرتەکە کردووە و ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لەزیادبووندان. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 86 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە و 76یان منداڵن.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ سێشەممە غەززەی بە "شانۆیەکی ترسناک" ناوبرد و گوتی، "ئاستێکی کوشتن و وێرانکاریی تێدایە لەم دواییانەدا وێنەی نەبووە."
 
دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستێکی 6 هەفتەیی شکستیان هێنا، ئیسرائیل لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە گەمارۆیەکی تەواوەتی بەسەر غەززەدا سەپاندووە. 
 
گوتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت، نزیکن لەوەی بە فەرمی برسێتی لە غەززە رابگەیێنن، ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکاری نەدرێت، "برسێتیی تووند" لە غەززە ژیانی سەدان هەزار کەس دەخاتە مەترسییەوە.
 
خەڵکی غەززە تەنیا دەتوانن لەو شوێنانەی هاوکاری وەربگرن کە ئیسرائیل خۆی دابەشی دەکات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار فەلەستینییان کوشتووە کە هەوڵیانداوە خۆراک بەدەستبهێنن.
 
جگە لە کەمیی خۆراک و پێداویستیی رۆژانە، زۆرینەی نەخۆشخانەی غەززە لە کارکردن وەستاون، ئەوەش بەهۆی کەمیی دەرمان و ئامێری پزیشکی و بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لەکۆی 38 نەخۆشخانەی کەرتەکە، تەنیا 16 نەخۆشخانە کاردەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، بۆردوومانی بەردەوام و برسێتیی تووند، وادەکات نەخۆشخانەکان فریانەکەون.
 
لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، 59 هەزار و 106 کەس لە غەززە کوژراون، هەروەها 142 هەزار و 511 کەسیش بریندار بوون. ئەمە بەگوێرەی تەندروستیی غەززە.