رووداو دیجیتاڵ
وەلیدی، تەمەن 14 ساڵ، کە پێشتر کێشی 52 کیلۆ بوو، ئێستا 19 کیلۆی لێماوەتەوە، ئەوەش تەنیا پێست و ئێسک. برسیەتی وەک شێرپەنجە جەستەی زۆربەی غەززەییەکانی تەنیوە.
لانیکەم 111 کەس کە 80یان منداڵن، برسیەتی و بەدخۆراکی زەفەری پێبردوون و گیانیان لەدەستداوە.
عید سەعید سیام، ئاوارەی غەززەیە و منداڵێکی بەدەستەوەیە کە دایک و باوکی لە بۆردووماندا گیانیان لەدەستداوە. ئەو دەڵێت، "عودەی منداڵێكە دەبووایە باوکی هەموو پێداویستی تەندروستی و خۆراکی بۆ دابین بکات، بەڵام بە داخەوە باوک و دایکی بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژران، ئەگەر لە ژیانیش بوونایە هەر نەیاندەتوانی هاوکاری بکەن؛ چونکە شیر و خۆراکێک لە غەززەدا نییە".
لە 2ی ئادار تاوەکو 19ی ئایار، 78 رۆژی رەبەق، ئیسرائیل هەموو سنوورەکانی غەززەی داخست. پاشان پچڕ پچڕ، رێگەی بە چوونی کەمێک خۆراک دا، 30 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە رۆژێكدا، بەر لەوە ژمارەکە 600 بوو.
رێگەی مەرگ بۆ هێنانی ئارد
بەشێک لە خەڵک بوونەتە کۆڵبەری رێگەی مەرگ، رێگەی گەیشتن بە ئارد؛ گوڵڕێژ نییە، بەڵکو گوللەڕێژە.
ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە چوار بنکەی دابەشکردنی خۆراکیان لە غەززە کردووەتەوە؛ یەک لە باکوور و سیانیان لە باشوور، بەڵام سەربازانی ئیسرائیل تەقە لەوانە دەکەن کە لێیان نزیک دەبنەوە، بە گوتەی رێکخراوەکان تائێستا سەرووی 800 کەس کوژراون، بەرپرسانی غەززەش باس لە سەرووی هەزار کەس دەکەن..
نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی " برسیەتی دروستکراوی دەستی مرۆڤ"ی لێ ناوە. پزیشکانی بێ سنووریش دەڵێن، "چەککردنی خۆراک".
محەممەد 21 رۆژە کیلۆیەک ئارد لە خێوەتەکەیدا نەبووە. دەڵێت، "دیمەنێكی کارەساتبارە، برسیەتییەکی راستەقینەیە، دەجەنگین تاوەکو نانێکمان دەست دەکەوێت، روو دەکەینە بنکەکانی ئیسرائیل تەقەمان لێ دەکەن و دەڵێن چەکدارانی حەماستان لەنێودا هەیە".
یوسف ئاوارەی غەززەیە و دەڵێت، "چواردە رۆژە ئاردمان نییە، سوپاس بۆ خودا، باوکە گیان چاوەڕێم بە وا بە ئاردەوە دێمەوە، کە چووم ئارد بێنم ماڵئاواییم لە منداڵەکانم کرد".
ئەگەر قەیرانی خۆراکی غەززە چارەسەر نەکرێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵ، نزیکەی نیو ملیۆن کەس راستەوخۆ بکەونە بازنەی مەرگەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ