رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکییان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ هەینی ئێران وەڵامی خۆی بۆ چوارچێوەی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی ئاراستەی واشنتن بکاتەوە.
بە گوتەی دوو لە سەرچاوەکان، دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی ئاگادار کراونەتەوە کە رەنگە پێشنیازی ئێران ئەمڕۆ لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە بگات. بەرپرسانی کۆشکی سپی "بە وریاییەوە گەشبینن" کە ئەم گەڕەی دانوستاندنەکان بەرەو پێشچوون بەخۆیەوە ببینێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە رێگەی پاکستانەوە پلانە 15 خاڵییەکەی گەیاندووەتە تاران. سەرچاوەیەکی ناوچەییش دەڵێت، پاکستان پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییە بڕیار بەدەستەکانی ئێران هەیە، نەک تەنیا وەزارەتی دەرەوە.
تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە تیمێکی باڵا سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکەن، لەوانەش مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری راوێژکارانی.
مارکۆ روبیۆ رایگەیاندووە کە "وڵاتانی نێوەندگیر" پەیامەکان دەگەیێنن و "هەندێک پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە." رووبیۆ ئاماژەی بە زیادبوونی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کرد وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکان.
بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم گفتوگۆ دیپلۆماسییانە هەستیارن و ئەمریکا لەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە دانوستاندن ناکات."
کارۆلین لیڤیت جەختیشی کردەوە کە هاوکات لەگەڵ هەوڵی دیپلۆماسیی ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکان بەبێ وەستان بەردەوامە.
پرسی ئەتۆمی و هەوڵە ناوچەییەکان
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران "رازی بووە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمیی نەبێت." لە بەرامبەردا، تاران لەمێژە جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە و چ لە رێککەوتنی 2015 و چ لە لێدوانە گشتییەکانی ساڵی 2026، دووپاتی کردووەتەوە کە بەرنامەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
چەندین وڵاتی ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان. رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاندووە کە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە.
سەرەڕای ئەوەی عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف پێشتر بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، بەڵام زۆربەی گفتوگۆکان لەرێگەی لایەنی سێیەمەوە دەکرێن، چونکە واشنتن و تاران بە فەرمی پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ