لەدوای جەنگ ئیسرائیل چاوی لە فراوانکردنی رێککەوتننامەی ئەبراهامە

27-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دەرەنجامی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەرفەتی بۆ فراوانکردنی ئاشتی رەخساندووە کە نابێت وڵاتەکەی لەدەستی بدات، میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتوون لە دوو هەفتەی داهاتوودا جەنگی غەززە کۆتایی پێبهێنن و رێککەوتنامەی ئەبراهامیش فراوان بکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، لەبارەی دەرئەنجامەکانی جەنگە 12 رۆژییەکەی لە دژی ئێران، رایگەیاند "ئەم سەرکەوتنە دەرفەتێکی بەرچاو بۆ فراوانکردنی رێککەوتننامەکانی ئاشتی دەڕەخسێنێت. ئێمە بە پەرۆشەوە کار لەسەر ئەمە دەکەین. شانبەشانی ئازادکردنی بارمتەکان و شکستهێنانی حەماس، دەرفەتێک هەیە کە نابێت لەدەست بدرێت. ناتوانین تەنانەت یەک رۆژیش بەفیڕۆ بدەین."
 
ئەم لێدوانە نوێیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، میدیای ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، نەتەنیاهوو و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە رێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنانێکی خێرا بە جەنگی غەززە، هەروەها فراوانکردنی رێککەوتنامەی ئەبراهام لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، بە جۆرێک سووریا و سعودیەش بچنە نێو رێککەوتنەکەوە.
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، نەتەنیاهوو پشتگیریی لە چارەسەری دوو دەوڵەتییش دەکات بە مەرجی ئەنجامدانی چاکسازیی لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینی، بەڵام نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو راپۆرتانە بدات.
 
ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرا، هیوای لای فەلەستینییەکان دروستکرد بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە 20 مانگ جەنگ لە غەززە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناوچەکەی وێران کردووە و زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارە کردووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی بەدخۆراکی.
 
رۆژی یەکشەممە، ناتەنیاهوو گوتی بە لاوازبوونی ئێران، پێشبینی دەکات وڵاتی زیاتر بێنە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهام.
 
ناتەنیاهوو ئەو کاتە بە پەیامنێرانی گوت: "ئێمە میحوەرەکەمان شکاندووە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە و پێگەی ئیسرائیل بەرز دەبێتەوە، نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکو لە جیهانیشدا."
 
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگە 12 رۆژییەکە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و فراوانکردنی رێککەوتننامەکانی ئەبراهام.
 
ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە کە دوو سەرکردەکە رێککەوتوون جەنگی غەززە لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتایی پێبێت. بەپێی راپۆرتەکە، چوار وڵاتی عەرەبی بە هاوبەشی لە شوێنی حەماس حوکمڕانی کەرتی غەززە دەکەن. گوتیشی، سەرکردایەتیی گرووپە تیرۆریستییەکە دووردەخرێتەوە و هەموو بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.
 
جەنگەکە بە هێرشێکی گرووپی چەکداریی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بارمتەگرتنیشی لەخۆگرتبوو؛ 50 لەو بارمتانە هێشتا لە غەززەن و وا بڕوا دەکرێت تەنیا 20 کەسیان لە ژیاندا مابن.
 
وەزیرە راستڕەوە تووندڕەوەکانی کابینەی ئیسرائیل، ئیتمار بن گڤیر و یێتسەئیل سمۆتریچ، داوای داگیرکردنی هەمیشەیی غەززە و دووبارە دامەزراندنەوەی ئەو نشینگە جووانەیان کردووە کە ئیسرائیل لە ساڵی 2005 وازی لێهێنا، ئەو بیرۆکانەی کە ناتەنیاهوو رەتیکردوونەتەوە.
 
لە بەیاننامەیەکدا رۆژی پێنجشەممە، سمۆتریچ گوتی: "بەڕێز سەرۆکوەزیران، با روون بێت: تۆ هیچ شەرعییەتێکت نییە، نە بە ئاماژە و نە بە قسەی سەرزارەکیش. ئەگەر وڵاتانێک هەن کە ئاشتییان دەوێت لە بەرامبەر ئاشتیدا، بەخێربێن. ئەگەر دەوڵەتێکی فەڵەستینییان دەوێت با لەبیری بکەن. ئەوە روونادات."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا

تۆم باراک بۆ رووداو: سیستمی ناناوەندی لەم ناوچەیە بە کەڵک نایەت

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لە دەوحە رایگەیاند، سیستمی ناناوەندی لە عێراق و ناوچەکە "شکستی هێناوە" و جەختی کردەوە کە دەبێت گەل و هۆزەکان خۆیان بڕیار لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن