وڵاتانی عەرەبی لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش رێککەوتن

29-03-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن لوتکەی عەرەبی یەمەن
A+ A-
رووداو - هەولێر

پرۆژەی کۆتایی چاوەڕوانکراوی لوتکەی ٢٦ەمینی عەرەبی لە شەرم شێخ،  پشتیوانیکردنە لە هاوپەیمانێتی هێرشی ئاسمانی بەناوی (گەردەلوولی بەهێز) دژ بە حوسییەکانی یەمەن، داوا دەکات حوسییەکان سەنعا چۆڵ بکەن و چەکەکانیان رادەستی دەسەڵاتدارێتی یەمەن بە سەرۆکایەتی مەنسور هادی بکەن.

ئەو پرۆژەیەی لوتکەی عەرەبی داوای پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی عەرەبیش دەکات، کە وڵاتان ئارەزوومەندانە دەتوانن بەشداری تێدا بکەن، ئەو هێزە هاوبەشە سەربازییە عەرەبیەش دەتوانێت دەستوەردانی سەربازی لە هەر وڵاتێکی عەرەبیدا بکات کە رووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی دەبێتەوە، بەڵام تەنها لەسەر داوای ئەو وڵاتە خۆی.

ئەم پرۆژەیەی لوتکەی عەرەبی تا ئێستا لەلایەن عێراقەوە پشتیوانی لێناکرێت، چونکە عێراق وەک وڵاتانی دیکەی عەرەبی دژایەتی خۆی بەرامبەر حوسییەکان رانەگەیاندووە.

جگە لەو پرۆژەیەی لوتکەی عەرەبی، مەسنور هادی سەرۆکی یەمەن داوای ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی دیکە دەکات سەبارەت بە رەوشی یەمەن کە لە ریاز و بە سەرپەرشتی سعودیە بەشداری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بەڕێوەبچێت.

پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دەستێوەردانی سەربازی لە وڵاتانی دیکەدا تا ئێستا لەلایەن عێراقەوە رەتدەکرێتەوە، عێراق سەبارەت بە یەمەنیش لەگەڵ هێرشی ئاسمانیدا نەبووە و لەجیاتی ئەوە داوای گفتوگۆی سیاسی دەکات، ئەم هەڵوێستەی عێراق لە جیهانی عەرەبیدا بە کاریگەری ئێران لەسەر عێراق لێکدەدرێتەوە، بەڵام لوبنان کە خاوەنی هیزێکی شیعی گەورەیە وەک حیزبوڵڵا، لەرووی سیاسییەوە پشتیوانی لە بۆچوونەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکات و ئامادەیە هاوبەشی هەنگاوەکانی وڵاتانی عەرەبی بکات.

لە پرۆژەکانی لوتکەی عەرەبیدا جگە لە دۆخی یەمەن و پێکهێنانی هێزی هاوبەشی سەربازی عەرەبی، دۆخی لیبیا، سووریا و فەڵەستینیش لە ئەجێندای ئەو لوتکەیەن و لە پرۆژەی کۆتاییدا ئاماژەیان پێدەدرێت، بەڵام عێراق لەو لوتکەیەدا یەکێک نییە لە بابەتە سەرەکییەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە