سوپای پاسداران 87یەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە 87ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"، شوێنی کۆبوونەوەی ئەمریکی ئیسرائیلییەکانیان کردووەتە ئامانج.

رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "هێزی دەریایی سوپای پاسداران چوار ئۆپەراسیۆنی 'بروسک ئاسا'یان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئەنجامداوە، تێیدا ناوەندێکی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئیمارات و شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندەکانی کەشتیگەلی پێنجەمی دەریایی ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاودا، ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکایان لە دەرەوەی بنکەی "مەنهاد" لە یەکێک لە شارەکانی ئیمارات بە مووشەک پێکاوە. سوپای پاسداران دەشڵێت، "لە کاتی هێرشەکەدا زیاتر لە 200 فەرماندە و ئەفسەری ئەمریکی لەو ناوەندەدا بوون."
 
سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر شوێنێکی مانەوەی نهێنیی فەرماندەکانی کەشتیگەلی پێنجمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن". لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەی فەرماندەکاندا بووە و "ترافیکی زۆری ئەمبوڵانسەکان" لە شوێنی رووداوەکە، نیشانەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەیە.
 
هێزی دەریایی سوپای پاسداران باسی لە دوو هێرشی دیکەش کردووە، پێکانی رادارێکی هۆشداریدانی ئاسمانیی ئەمریکا کە بۆ رێنوێنیکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 بەکاردێت و لە کەناراوەکانی ناوچەی "دزەهران" لە سعودیە جێگیر کرابوو. هەروەها پێکانی کەشتییەکی بارهەڵگری کۆنتێنەر، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە و بە ناوی بازرگانی و بە ئاڵای وڵاتێکی دیکەوە هاتووچۆی کردووە.
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێشکێش بە عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی کوژراوی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەکەن و جەختیان کردووەتەوە "بە هێزەوە" لەسەر رێبازەکەی ئەو بەردەوام دەبن.
 
تاوەکو ئێستا ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوبراو لە ناوچەکە بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بەم هێرشانە و زیانەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە