رووداو دیجیتاڵ
لەدوای هاتنەوە سەر حوکمی تاڵیبان، بواری کاتبەسەربردن و سەرگەرمی لە ئەفغانستان کەمبووەتەوە، بەڵام پێشبڕکێی دەنگخۆشیی باڵندە لە مەیدانی پەلەوەرەکان لە کابوول هێشتا جمەی دێت.
بەیانیانی زووی رۆژی هەینی، خاوەنەکانیان، باڵندەکان بەرامبەر یەکدی دادەنێن، تاوەکو بزانن کامیان بە دەنگێکی بەرزتر و سازتر دەخوێنن. زۆرترین جاریش کەناریی کێوی بۆ پێشبڕکێکان بەکاردەهێندرێن.
جەمالودین هاووڵاتییەکی ئەفغانییە و رۆژانی هەینی دەچێت بۆ بینینی پێشبڕکێکان، دەڵێت: دڵخۆشم دەکات و ئارامی بە مێشکم دەبەخشێت. هەروەها دەڵێ، "ژیان کورتە، پێویستە چێژی لێ ببینین."
لەگەڵ بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکان، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هۆشدارییان لە گرەوکردن لەسەر یارییەکان داوە.
پێشبڕکێکە چۆنە؟
خاوەنی باڵندەکان قەفەسەکانیان لە تەنیشت یەکدی دادەنێن، هەموو ئەوانەی لە مەیدانەکەن بێدەنگ دەبن، پاشان باڵندەکان دەست دەکەن بە خوێندن. یاساکەش سادەیە، هەر باڵندەیەک زووتر لە خوێندن بووەستێت، دەدۆڕێت.
ئەو کەسەی دادوەری دەکات، تاوەکو 10 دەژمێرێت، ئەگەر باڵندەکە هەر بێدەنگ بوو، ئەوکات براوە رادەگەیێندرێت.
وێنە: Ahmad SAHEL ARMAN / AFP