رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک و بەهێز شاری ئەهوازیان لە باشووری رۆژئاوای ئێران هەژاند. بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، تەقینەوەکان هێندە بەهێز بوون کە بوونەتە هۆی لەرینەوەی تونودی باڵەخانەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکەدا.
تەقینەوەکان لە کاژێر 04:20ـی بەرەبەیان دەستیانپێکردووە. سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن چەند بنکەیەکی سەربازی و شوێنی ستراتیژی کراونەتە ئامانج، لەوانە "پادگانی گۆڵف"، ناوچەی "چوارشیر" و "پایەگای ئەلحەدید".
بەپێی زانیارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە، لە ماوەی پێنج خولەکدا دەنگی پێنج تەقینەوەی گەورە بیستراوە. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی کیانپارس بە میدیاکانی راگەیاندووە: "تەقینەوەکان زۆر ترسناک بوون، وا هەستمان کرد بوومەلەرزە بووە، هەموو شووشەی پەنجەرەکان دەلەرزین."
جێگری ئەمنیی پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، کاتژمێر 04:25ـی بەرەبەیان، چوار هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر دەوروبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەهواز و دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراون.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، جێگری پارێزگاری خوزستان راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون بەهۆی ئەو هێرشانەوە تۆمار نەکراوە."
شایەتحاڵێک لە نزیک پادگانی گۆڵف دەڵێت: "دوای تەقینەوەکان، دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەکە بەرزبووەوە." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە پێش و پاش تەقینەوەکان، دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ئەهوازدا بیستراوە.
لە گەڕەکەکانی (ئەمانەییە، گوڵستان، زەیتون کارمەندی، کوروش و سپیدار) هەست بە دەنگی تەقینەوەکان کراوە. هەندێک لە دانیشتووان دەڵێن: "ئەمە بەهێزترین هێرش بووە کە لە سەرەتای گرژییەکانەوە تاوەکو ئێستا ئەهوازی کردبێتە ئامانج."
هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری شیرازی ئێران بیستران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ