رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئاغامیری، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری تاران رایگەیاند، بەهۆی زیانگەیشتن بە خانوو و ماڵەکانیان لە ئەنجامی هێرشەکاندا، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی لە 28 هۆتێلی پایتەخت نیشتەجێکراون.
ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری تاران ئاشکرای کرد، دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و زیانگەیاندن بە ناوچە نیشتەجێبووەکان، شارەوانی تاران هەنگاوی ناوە بۆ دابینکردنی پەناگەی بەپەلە بۆ 10 هەزار 327 کەس، کە سێ هەزار و 228 خێزانن.
ئاغامیری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاووڵاتییانە لە 28 هۆتێلی تاران جێگیرکراون و شارەوانی بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیکردنیان. هەروەها بەڵێنی دا کە یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەن بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو ماڵانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم رێوشوێنانەی شارەوانی تاران لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر ژیانی مەدەنییەکان لە پایتەختی ئێران.
تاران وەک ناوەندی سیاسی و ئیداریی ئێران، لە کاتی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکاندا رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی مەدەنییەکان دەگرێتەبەر بەکارهێنانی هۆتێلەکان وەک پەناگە، کە بەشێکە لە پلانی فریاگوزاریی نیشتمانی بۆ داڵدەدانی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵەکانیان لەدەستداوە یان زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ