مەسعود پزیشکیان: ئێمە دژی خەڵکی ئەمریکا نین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووند لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی دەگرێت و رایدەگەیێنێت، ئەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا ناکات و تەنیا ئامانجی لێی پەکخستنی ژیانی خەڵکی ئێرانە.
 
سەرۆککۆماری ئێران پرسیاری ئەوە دەورووژێنێت کە "ئەم شەڕەی ئێستا بەدیاریکراوی لە بەرژەوەندیی کام لایەنی گەلی ئەمریکادایە؟" ئاماژە بەوەشدەکات کە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران، لەوانە دامەزراوەکانی وزە و پیشەسازی، کارێکە کە راستەوخۆ خەڵکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
 
مەسعود پزیشکیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە جگە لە فراوانکردنی ناسەقامگیری و زیادکردنی تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکان هیچی دیکە بەرهەم ناهێنن، گوتیشی: "ئەم رێگەیە نەک نیشانەی هێز نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی روونە بۆ سەرلێشێواوی و بێتوانایی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوامدا."
 
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی و دانوستاندنەکان، پزیشکیان رایگەیاند، ئێران رێگەی گفتوگۆی بڕیبوو و پابەندی بەڵێنەکانی بوو، بەڵام کشانەوە لە رێککەوتنەکە و هەوڵدان بۆ رووبەڕووبوونەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی دوو هێرش لە نێوەڕاستی پرۆسەی دانوستانەکاندا، بە بڕیارێکی وێرانکەری  حکومەتی ئەمریکا ناودەبات  کە بۆ "جێبەجێکردنی تەماحی دەستدرێژکارانی دەرەکی" بووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە رێگەی بنکە سەربازییەکانی ناوچەکەوە، سەلمێنەری ئەوەیە هەبوونی ئەو بنکانە هەڕەشەیەکی جددییە. گوتیشی: "سرووشتییە هیچ وڵاتێک لە بارودۆخێکی وەهادا دەستبەرداری بەهێزکردنی توانای بەرگریی خۆی نابێت. ئەوەی ئێران دەیکات تەنیا پەرچەکردار و بەرگرییە، نەک دەستپێکردنی هێرش و شەڕ."
 
لە کۆتاییدا پزیشکیان جەختی کردەوە کە گەلی ئێران هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ گەلانی دیکە، لەوانە خەڵکی ئەمریکا، ئەورووپا و دراوسێیەکانی نییە و گوتی: "ئێرانییەکان بە درێژایی مێژوو، تەنانەت لە کاتی دەستێوەردان و گوشارەکانی دەوڵەتە بیانییەکانیشدا، هەمیشە جیاوازییان لە نێوان گەلان و حکومەتەکاندا کردووە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی تێکشکاندنی درۆنێک لە ئاسمانی ئێران

راپۆرتێک: ئەمریکا 16 درۆنی پێشکەوتووی لە ئاسمانی ئێران لەدەستداوە

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، سوپای وڵاتەکەیان دوو درۆنی دیکەی پێشکەوتووی جۆری "ئێم کیو-9 ریپەر"یان لە نزیک شاری ئەسفەهان لەدەستداوە، بەمەش کۆی گشتیی زیانەکانی واشنتن لەم جۆرە درۆنە لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە بۆ 16 دانە بەرزبووەوە.