رووداو دیجیتاڵ
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران رایدەگەیێنێت، بۆ پاراستنی قەوارەی وڵات و سیستەمی سیاسی، پێویستە دەستبەجێ چاکسازیی بنەڕەتی لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا بکرێت، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناو دەبات.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری خولەکانی یازدەهەم و دوازدهەمی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "شەڕخوازانە، تاوانکارانە و نایاسایی" وەسف کرد و گوتی: "ئەم هێرشانە نموونەی ئاشکرای تاوانن دژی مرۆڤایەتی."
33 رۆژە جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دەستی پێکردووە و بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، لە ئەنجامی بۆردوومانە چڕەکاندا 115 هەزار و 193 یەکەی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە.
لە پەیامەکەیدا رووحانی ئاماژەی بەوە کردووە کە 33 رۆژە ئێران لەناو "جەنگی سێیەمی سەپێندراو"دایە و دەڵێت: "زۆرینەی گەلی ئێران بە خۆڕاگری و تێگەیشتنێکی قووڵەوە، جارێکی دیکە وەفاداریی خۆیان بۆ وڵات سەلماندەوە و رەتیان کردەوە بچنە پاڵ دەستدرێژیکاران و خیانەتکاران ئەمەش ئەرکی بەرپرسانی قورسترکردووە."
رووحانی گوتی: "ئەم جەنگە بەدیهاتنی خەونی مێژوویی زایۆنیستەکانە وئیسرائیل لەمێژە دەیەوێت ئەمریکا و رۆژئاوا پەلکێشی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکات، ئەمجارە سەرکەوتوو بوون لەوەی ئەمریکا بخەنە ناو ئەو زۆنگاوەوە و دەستیان بە خوێنی خەڵک و خزمەتکارانی خەڵک سوور بکەن، بەڵام دەرئەنجامەکەی لەدەستدانی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەوان دەبێت لە ناوچەکەدا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رووحانی جەخت لە پێویستیی هەماهەنگیی هەموو تواناکانی وڵات دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا، پێویستییەکی گرنگە کە رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر پارێزگاکانی وڵات بکرێت، بەتایبەتی دوورگەکانی کەنداوی فارس و پاراستنی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز."
حەسەن رووحانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ پاراستنی وڵات و کۆماری ئیسلامی پێویستە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکاندا بکرێت بە شێوەیەک کە "ئاماژەی دڵنیاییبەخش" بداتە وەبەرهێنەران و خاوەنکاران، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و ئامادەیی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا بڕەخسێنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ