رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە 89ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"، هێرشی کردووتە سەر ناوچە داگیرکراوەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند:" لە شەپۆلی 89یەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4" بە زیاتر لە 100 موشەک و درۆن و 200 رۆکێت هێرش کرایە سەر ناوچە بەرفراوانەکانی رۆژئاوای ئاسیا و لە باکوور تاوەکو باشووری ناوچە داگیرکراوەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە، هێرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران و گرووپەکانی بەرەی مقاومە ئەنجام دراوە و ئامانجە دیاری کراوەکان تێکشکێندراون."
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتی:" شەپۆلەکە بەشیوەی تێکەڵ بە درۆن و مووشک ئەنجامدرا و چەند خاڵێک لە ئیلات، تەلئەڤیڤ، بەنی بەڕاک و هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرێن کرانە ئامانج ."
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەشکرد،" لە هێرشەکاندا نزیکەی 80 کەس لە هێزەکانی ئەمریکا کەوتوونەتە بەر هێرش و کوژران و برینداربوون."
ئیبراهیم زولفەقاری گوتیشی:" هاوکات، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی "ئەلعدیری" کەوتنە بەر هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی سوپای پاسداران، کە تێیدا هەلیکۆپتەرێک بە تەواوی لەنێوچوو و زیانی زۆریش بە هەلیکۆپتەرەکانی دیکە گەیشتووە."
زولفەقاری رایگەیاند: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە 5 ئۆپەراسیۆنی بەرفراواندا، بە تێکەڵەیەک لە مووشەکی بالیستی، کرووز و درۆن، ئامانجە سەربازییە دیارەکانی دوژمنانی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا تێکشکاند."
بە گوتەی ئیبراهیم زولفەقاری،" لە هێرشەکاندا دوو راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ئیمارات لە نێو براون و نەوتهەڵگرێکی سەر بە ئیسرائیلی ناوی "ئاکوا یەک" لە ناوچەی ناوەڕاستی کەنداو لەلایەن جەنگاوەرانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە بە وردی پێکرا و ئێستا دەسووتێت."
زولفەقاری ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، کۆمەڵێک درۆن ئاراستەی کەشتیگەلی "ئەبراهام لینکۆڵن" لە باکووری زەریای هیندی کران؛ بەپێی بەڵگەنامە و وێنە مانگە دەستکردەکان، ئەم کەشتیگەلە لە شوێنی پێشووی خۆی هەڵاتووە و بۆ قووڵایی زەریای هیندی پاشەکشەی کردووە."
زولفەقاری رایگەیاند:" بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، لە ئەنجامی هێرشی دوێنێی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بۆ سەر شوێنی کۆبوونەوەی نهێنیی ئەفسەرە ئەمریکییەکان لە ئیمارات، 37 کەس بە دڵنیاییەوە کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکە کراون."
زولفەقاری باسی لەوە کرد:" سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، "شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکانی ئەمریکا" لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، هەروەها سایتی راداری دۆزینەوە و رێگریکردن لە مووشەک و درۆنەکان و سایتەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی لە ئیماراتی بە درۆنی هێرشبەر کردووتە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ