رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن و هۆشداریش دەدات کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند: "ئەوەی لە سەرانسەری جیهان روودەدات، ئەنجامی راستەوخۆی کارە شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە دژی ئێران."
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرژییانە کاریگەرییان لەسەر تەواوی ناوچەکە، ئاسایشی کەنداو، دەریای عومان و گەرووی هورمز هەبووە، هاوکات لێکەوتەی مەترسیداریشیان بۆ سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەم دۆخە نییە و گوتی: "ئەمە ئەوە نییە کە ئێران دەیەوێ، بەڵکوئەنجامی شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە، بۆیە دەبێت ئەم شەڕە بووەستێنن، چونکە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین."
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەر ئەگەر و سیناریۆیەک لە ئامادەباییدان و ئاماژەی بەوەش کرد کە "ناپاکی لە دیپلۆماسی و دامەزراوە نێوەندگیرییەکانیش کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ