رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدان، بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار دەکات.
بێهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر ئەو ناوەندە ئەتۆمییانەی لەژێر چاودێریی پەیماننامەی پادماندان، پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، "تەنانەت هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئاوی قورسیش بە تاوانی جەنگ دادەنرێت."
کەمالوەندی، ئاشکرای کرد، دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە یاساییەکان کردووە بۆ ئەوەی لەسەر دوو ئاست بەدواداچوونی بۆ بکەن؛ ئاستی یەکەم لە نێوخۆی ئێران و دژی ئەو کەسانەی تێوەگلاون، ئاستی دووەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەبێت.
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتی دەرەوە و جێگری یاسایی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکەیان، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم پرسە دەکەن، تاوەکو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا مافەکانی وڵاتەکەیان بپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ