رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند پەیامێکدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لێدان لە ژێرخانە مەدەنییەکان نابێتە هۆی خۆبەدەستەوەدانی خەڵکی وڵاتەکەی.
عێراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وێنەی ئەو پردەی نێوان تاران و کەرەجی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ تەقێندرایەوە، نووسیویەتی: "کردنە ئامانجی شوێنە مەدەنییەکان، لەوانەش پردە تەواونەکراوەکان، ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا "شکست و داڕووخانی ئەخلاقیی دوژمنێکی شێواو" نیشان دەدەن. راشیگەیاندووە، ئێران هەر پرد و تەلارێک بڕووخێنرێت، بە بەهێزتر دروستی دەکاتەوە، بەڵام "ئەوەی هەرگیز چاک نابێتەوە، ناوبانگی ئەمریکایە."
ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر پردی B1 لەنێوان تاران و کەرەج و تەقێندرایەوە. دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی سۆشیاڵ ترووس ڤیدیۆی تەقاندنەوەی پردەکەی بڵاوکردەوە و نووسی: کاتی ئەوەیە ئێران رێککەوتن بکات پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت. ئەوەشی گوتبوو کە زیاتر بەڕێوەیە.
ترەمپ شەوی رابردوو لە گوتارەکەیدا و لە چەند بۆنەیەکی دیکەشدا باسی لەوە کردبوو کە بە جۆرێک لە ئێران دەدەن دەیگەڕێننەوە سەردەمی بەرد.
لە پەیامەکەیدا، عێراقچی ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی وزە لە ناوچەکەدا کردووە و بەراوردێکی لە نێوان سەردەمی ئێستا و "سەردەمی بەردین" کردووە. عێراقچی دەڵێت: "جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئێستا و سەردەمی بەردیندا هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە ئەو کاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەوت و گاز بەرهەم نەدەهێندرا."
وەزیری دەرەوەی ئێران رووی دەمی دەکاتە سەرۆکی ئەمریکا و خەڵکی وڵاتەکە، دەپرسێت: "ئایا سەرۆکی ئەمریکا و ئەو ئەمریکییانەی کە ئەویان هەڵبژاردووە، دڵنیان لەوەی دەیانەوێت کاژێرەکە بۆ دواوە بگەڕێننەوە؟"
ئەم پەیامانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و تاران هۆشداری دەداتە واشنتن لە ئەگەری هەر پشتگیرییەک بۆ هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ