رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تەورێز و دەوروبەری، شەش کەسی دیکە کوژران و بەمەش ژمارەی کوژراوان بۆ 184 کەس بەرزبووەوە.
مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگاکە رایگەیاند، کاژێر 6:45 خولەکی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لەسەر رێگەی ئازەرشار - تەبرێز، ئۆتۆمبێلێک بە درۆن کراوەتە ئامانج، لە ئەنجام دا کەسێک گیانی لە دەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیانێکی زۆر بەر دووکان، یەکەکانی نیشتەجێبوونی سەر رێگەکە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیشتووە.
هەر ئەمڕۆ سێجار هێرشکرایە سەر ناوەندی شاری تەورێز، بە گوتەی مەجید فەرشی لە ئەنجامی هێرشەکەدا 5 کەس کوژران و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بەردەوامیی ئەو گرژی و هێرشانەی جەنگەوە تاوەکو ئێستا لەو پارێزگایە 184 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە 28ی شوباتەوە واتە 33 رۆژ هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، کە چەندین پارێزگای ئێرانیش کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کە بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددیی زۆر بە ناوچە مەدەنییەکان و ژێرخانە نیشتەجێبووەکان گەیشتووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ