ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران: هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ کاتێکی زۆری پێناچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران جەخت لەسەر هەڵبژاردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لە نزیکترین کاتدا دەکاتەوە و دەڵێت، هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ کاتێکی زۆری پێناچێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، ئایەتوڵڵا عەلی موعەلیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران رایگەیاند، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سوێندیان خواردووە، کە لە هەڵبژاردنی رێبەردا حەز و ئارەزووی تاکەکان یان لایەنە سیاسی و حیزبیەکان رۆڵیان نەبێت.
 
ئایەتوڵڵا عەلی موعەلیمی گوتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەسەر بنەمای پێوەرە ئایینییەکان هەڵدەبژێرن و دەنگ دەدەن و پێویست بە نیگەرانی ناکات.
 
موعەلیمی دەشڵێت، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هەوڵدەدەن کەسایەتییەکی بەهێز وەکو عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران وەکو رێبەری نوێ وڵاتەکە هەڵبژێرن.
 
ئەم هەنگاوەی تاران دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026 حکومەتی ئێران بە فەرمی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.
 
دوای کوژرانی خامنەیی، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی بە ناوی ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری پێکهێنراوە کە ئەرکەکانی رێبەر رادەپەرێنێت، تاوەکو ئەو کاتەی رێبەرێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، غوڵامحوسێن  موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی فەقیهی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پێکدێت.
 
 لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەرفراوانیان بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە.
لە وەڵامدا سوپای پاسدارانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل.
 
پێگەی رێبەر لە دەستووری ئێراندا
 
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتە. مادەی 107ی دەستووری ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە رێبەر لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دەستنیشان دەکرێت و دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبێنێت.
 
هەروەها مادەی 111ی دەستووری ئێران رێکارەکانی قۆناخی دوای رێبەر دیاری دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی رێبەر، تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ، ئەنجوومەنێکی کاتی (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و یەکێک لە شارەزایانی ئاینی لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) سەرجەم ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنن.
 
گرنگترین دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
 
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و ئیداریی ئێرانە و زیاترین دەسەڵاتی هەیە. بەپێی مادەی 110ـی دەستووری ئەو وڵاتە، گرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەمانەن: 
 
- سیاسەتە گشتییەکانی ئێران بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دادەنێت و چاودێری جێبەجێکردنیان دەکات.
 
- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە.
 
- دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی هەیە.
 
- دەسەڵاتی راگەیاندنی شەڕ و ئاگربەستی هەیە.
 
- دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لەژێر دەسەڵاتی رێبەردان.
 
- کێشە و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری چارەسەر دەکات.
 
- فەرمانی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەردەکات و دەتوانێ لەسەر کار لایبدات.
 
- سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەستنیشان دەکات.
 
- دەسەڵاتی دەستنیشانکردن و لادانی تەواوی فەرماندە سەربازییەکانی هەیە.
 
- نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەستنیشان دەکات.
 
- سەرۆکی رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەستنیشان دەکات.
 
- سەرۆک و ئەندامانی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات.
 
- بەرپرسی رێکخراوەکانی ئەوقاف، حەج و زیارەت، کولتوور و دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامان دادەنێت.
 
- سەرۆک و بەڕێوەبەری 16 دامەزراوە و ناوەندی ئایینی، ئابووری و کولتووری دادەنێت.
 
- دەسەڵاتی تەواوی بەسەر جومگە سەرەکییە ئابوورییەکاندا هەیە.
 
- دەتوانێت بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ سزادراوان دەربکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە