رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەست بۆ ژێرخانی ئێران ببەن، تەواوی بەرژەوەندی و دامەزراوەکانیان لە ناوچەکەدا تێکدەشکێنن.
رۆژی هەینی، 3-4-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" لە راگەیێندراوێکدا، وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئێران، رایگەیاند: "بوار بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین؛ ئەگەر ئەو هەڕەشانە بچنە واری جێبەجێکردنەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران نەک تەنیا ژێرخانی ئیسرائیل، بەڵکو تەواوی ناوەندە ئابووری، وزە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە تووندی دەکەنە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشدارییەکی تووندیش ئاراستەی ئەو وڵاتانە کراوە کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و تێیدا هاتووە: "ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بنکەی سەربازیی ئەمریکایان تێدایە، ئەگەر دەیانەوێت زیانیان بەرنەکەوێت، دەبێت ئەمریکییەکان ناچار بکەن لە وڵاتەکانیان بچنە دەرەوە."
گوتەبێژی بارەگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێک "فراوانتر و کوشندەتر" دەبێت و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لەو هێرشانە بەدەر نابن، ئەگەر خاکیان بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێت.
رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێ و تووند دا هەڕەشەی وێرانکردنی ئەو بەشانەی ژێرخانی ئێرانی کرد کە هێشتا هێرشیان نەکراوەتەسەر.
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ بە راشکاوی ئامانجە داهاتووەکانی سوپای وڵاتەکەی دیاریکرد و گوتی: "پردەکان ئامانجی داهاتوون، پاشان وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا." ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتریش مۆڵەتی بۆ تاران درێژکردبووەوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەگەرنا وێستگەکانی وزە وێران دەکات.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەی دا رووی دەمی کردە سەرکردە نوێیەکانی تاران و نووسی: "سەرکردایەتیی رژێمی نوێ دەزانن چی دەبێت بکرێ و دەبێت بە خێرایی بکرێ."
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، شاری کەرەج و دەوروبەری بە خەستی بۆردوومان کرا و یەکێک لەو شوێنانەی هێرشی کرایە سەر بەرزەپردی B1 بوو کە بەهۆیەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
بەرزەپردی B1 بە بەرزی 132 مەتر، بەرزترین پردی ئێرانە. ساڵی 2016 بە گوژمەی یەک تریلیۆن تمەن بەردی بناخەی دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ