رووداو دیجیتاڵ
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، هەموو ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر وڵاتەکەی شکستیان هێناوە.
ئەمڕۆ هەینی 3-4-2026 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو ستراتیژییەی شەڕ کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتەکەی بەکاریان هێنا بریتی بوو لە "گۆڕینی رژێم" بەڵام ئێستا وایان لێهاتووە بە شوێن فڕۆکەوانێکدا دەگەڕێن و دەڵێن: "هیچ کەس دەتوانێ فڕۆکەوانەکانمان بدۆزێتەوە؟ تکایە؟"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە تەنزەوە دەڵێ: "چ پێشکەوتنێکی نایابتان بەدەستهێناوە. بەراستی بەتوانان".
ئەم تویتەی قالیباف لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسداران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی راگەیاند و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش چەند بەرپرسێکی ئەمریکی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان پشتڕاست کردەوە.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک وێنە لە ئێران بڵاوبوونەوە و کە تێیاندا فڕۆکەیەکی جۆری لۆکهید هێرکیولس سی 130 و هێلیکۆپتەری پەیڤهۆک ئێچ ئێچ 60 دەبیندرێن بە نزمی دەڕۆن و لە ڤیدیۆیەکیشدا دەنگی کەسێک دەبیسترێ کە بە فارسی قسە دەکات و هەربۆیە ئەو گومانەی زیاتر کردووە کە شوێنەکە ئێرانە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی لەو بارەیەوە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە لایەن ئێرانەوە هەڵمەتێکی گەڕان بە مەبەستی دۆزینەوەی ستافی فڕۆکەکە لە ئێران دەستی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ