رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە تاران رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمەش لە رێگەی پێشکەشکردنی پێشنیازی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی تەنگەی هورمز لە بەرامبەر لادانی سزاکان.
رۆژی هەینی، 3ی نیسانی 2026، محەممەد جەواد زەریف، کە لە نێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2021 وەزیری دەرەوەی ئێران بوو، لە گوتارێکدا بۆ گۆڤاری "فۆرین ئەفێرز"ی ئەمریکی نووسیویەتی، هەرچەندە تاران لەم جەنگەدا بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل "باڵادەستە"، بەڵام پێویستە جەنگ رابگیرێت تاوەکو رێگری لە کوژرانی زیاتری هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانبوونی ژێرخانەکان بکرێت.
زەریف دەڵێت، "ئێران دەبێت ئەم باڵادەستییەی بەکاربهێنێت نەک بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ، بەڵکو بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن و کردنی رێککەوتنێک کە هەم ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنێت و هەم رێگری لە ململانێی داهاتووش بکات." پێشنیازیشی کردووە کە ئێران ئامادەیی پیشان بدات بۆ واژۆکردنی "پەیماننامەی دەستدرێژی نەکردن" و دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ واشنتن.
ئەم داواکارییەی زەریف، کە یەکێک بوو لە ئەندازیارانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، لە کاتێکدایە کە زۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئێستا لە تاران رۆژانە داوای بەردەوامیی جەنگ دەکەن تاوەکو شکستهێنانی یەکجاریی ئەمریکا. لە بەرامبەریشدا، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە هەبوونی گفتوگۆ کردووە، بەڵام هۆشداریشی داوە ئەگەر ئێران مەرجەکان قبوڵ نەکات، وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "چاخی بەردین."
زەریف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "وەک ئێرانییەک، زۆر تووڕەم لە دەستدرێژییە سەرکێشەکانی دۆناڵد تڕەمپ و سووکایەتییە زەقەکانی، بەڵام هاوکات شانازی بە هێزە چەکدارەکانمان و گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەم"؛ محەممەد جەواد زەریف هەروەها دەڵێت: "قەناعەتم وایە دەبێت جەنگ لەسەر بنەمای مەرجگەلێک کۆتایی بێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێراندا بگونجێت."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی کۆی نەوتی جیهانی پێدا هەناردە دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ