ئێران
تیمێک لە کرماشان لەژێر داروپەردووی بینایەک کە بە بۆردوومانی ئەمریکا-ئیسرائیل خاپوور بووە، بەدوای قوربانیان دەگەڕێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران، 360 ژێرخانی تەندروستی و 46 ئەمبوڵانس زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها ئامارێکی نوێی قوربانییانی بڵاوکردەوە کە سەتان ژن و منداڵی تێدایە.
جەعفەر میدفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی نیشتمانی ئاشکرای کرد، ئێستا 538 برینداری جەنگ لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی بریندارانی خوار تەمەن 18 ساڵ گەیشتووەتە نزیکەی هەزار و 900 کەس، کە 121ـیان تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵییەوەیە.
بەپێی ئامارەکان، چوار هەزار و 695 ژن بریندار بوون تەمەنی بچووکترینیان تەنیا یەک مانگ و بەتەمەنترینیان 100 ساڵە، سەبارەت بە گیانلەدەستدانیش. میدفار دەڵێت، "216 کەس لەو کوژراوانە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و 17ـیان خوار پێنج ساڵانن، هەروەها 261 ژن گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان منداڵێکی ساوایەکی چەند رۆژە بووە."
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، لەنێو کارمەندانی تەندروستیدا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 116ی دیکەش بریندار بوون، 77ـیان کارمەندی فریاکەوتن بوون و سێیان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.
لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا پاراستنی مەدەنییەکان، نەخۆشخانەکان و کارمەندانی فریاگوزاری ئەرکی لایەنە شەڕکەرەکانە و هەر جۆرە هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر ئەو ناوەندانە بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ