رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئێران هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێ، لە هەر شوێنێک بگونجێت، دەیاننێرنە ''دۆزەخ.''
ئەمڕۆ شەممە 04-04-2026 کامەران غەزەنفەری، پەرلەمانتاری ئێران لە بازنەی تاران، سەبارەت بە جەنگ پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
کامەران غەزەنفەری لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، ئیسرائیل و ئەمریکا جگە لەوەی دەستپێشخەری جەنگ بوون، رێبەری ئێرانیشیان کوشتووە، ''بۆیە لە هەر شوێنێک دەستمان بگاتە ترەمپ یان بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل دەیاننێرینە دۆزەخ.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران جەختی لەوەش کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل سازش ناکەن و بەردەوامی بە جەنگەکە دەدەن.
هاوکات کامەران غەزەنفەری پاڵپشتیی خۆی بۆ کەمپەینی ''کۆکردنەوەی خەڵات بۆ کوشتنی ترەمپ'' راگەیاند و گوتی، "ئیدی با هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت یان وەزارەتی دەرەوەشمان پێیان خۆش بێت یان نا."
پێشتریش ئەو پەرلەمانتارەی ئێران رەخنەی تووندی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گرتبوو کە سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گوتبووی، ئامادەن کۆتایی بە جەنگ بهێنن و گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەگەر مەرجەکانی ئێران وەک خۆی قبووڵ بکرێن.
ئەو کات کامەران غەزەنفەری رووی زاری کردە عێراقچی و گوتی: ''کێ ئەرکی بە ئێوە سپاردووە کە کۆتایی بە جەنگ بهێنیت؟ بەڕێز موجتەبا خامنەیی، رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ئەرکەی بە ئێوە نەسپاردووە.''
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە هەفتەی شەشەمەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ