رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دەست لە تەنگەی هورمز هەڵناگرن و ئەو تەنگەیە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ.
عەلی نیکزاد، کە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی مەیدانیی تەنگەی هورمز و کەنداو، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەردانی ناوچەکەی کردووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەتە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
نیکزاد گوتی: "ئەو یاسایەی کە بۆ تەنگەی هورمز بە فەرمانی رێبەری مەزنی شۆڕش پەسەند دەکرێت، تەنیا بۆ ناوخۆی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکو دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەو مافانەی دراوسێکان هەیانە لەبەرچاو بگرین."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە: "ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە ئێمە دەست لە تەنگەی هورمز هەڵناگرین و تەنگەکە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ."
بە گوتەی ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران، کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئەگەری هەیە هەندێک زیانی بۆ ئەو وڵاتە هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە ئەم زیانانە لە داهاتوودا بە هەنگاوەکانی دواتر قەرەبوو دەکرێنەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە داخرانی تەنگەی هورمز و "شکستی ئەمریکا" بۆ کردنەوەی تەنگەکە، گوتی: "دوژمن دەستەوەستان بوو؛ ئەو تەنگەیەی کە داخرابوو، ترەمپ رایگەیاند دەیکاتەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو کارە بکات. ئێستاش هاتووە بابەتی گەمارۆدانی خستووەتەڕوو، دڵنیابن ئەمەشیان رووبەڕووی شکست دەبێتەوە."
سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، عەلی نیکزاد دەڵێت، بەپێی ئەو یاسایەی کە پەسند دەکرێت، ئەو کەشتیانەی سەر بە ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی نەیارن، مافی تێپەربوونیان لە تەنگەکە نابێت، بەڵام کەشتیی وڵاتانی دیکە بە مۆڵەتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە بەرامبەر پێدانی باج مافی هاتووچۆیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ