رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەکانی ئەمریکا لەبارەی تێپەڕبوونی کەشتیی بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا رەتدەکاتەوە و هۆشداری دەداتە هەر کەشتییەک کە پێچەوانەی رێنماییەکانی ئەوان بجوڵێتەوە، "رووبەڕووی مەترسیی جیددی دەبێتەوە."
رۆژی دووشەممە 04-05-2026، پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوودا هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر و بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە و بانگەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەمبارەیەوە بێبنەما و دوورن لە راستییەوە."
سوپای پاسداران هەڕەشەی راگرتنی کەشتییەکان دەکات و دەڵێت: "هەر جووڵەیەکی دەریایی کە پێچەوانەی بنەما و راگەیێندراوەکانی هێزی دەریایی سوپا بێت، رووبەڕووی مەترسیی جیددی دەبێتەوە و کەشتییە سەرپێچیکارەکان رادەگیرێن."
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی دووشەممە رایگەیاند، کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەک-ئاراستەکراوەکانیان دوای تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا، ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداودا جێگیر بوون.
بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەم جووڵە سەربازییانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی)ـدایە. هێزە ئەمریکییەکە دەڵێت، "وەک هەنگاوی یەکەم، دوو کەشتیی بازرگانی کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەر بووە، بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمز پەڕیونەتەوە و بە سەلامەتی بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێ کەوتوون."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی (پڕۆژەی ئازادی) راگەیاند، بە مەبەستی رزگارکردن و بردنە دەرەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە لە هەژماری خۆی لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسی، "بۆ بەرژەوەندیی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو وڵاتانەمان گوتووە کە بە سەلامەتی کەشتییەکانیان لەو رێڕۆ ئاوییە سنووردارکراوانە دەهێنینە دەرەوە."
ئێستا تەنگەی هورمز بووەتە ناوەندی ململانێیەکی تووندی نێوان تاران و واشنتن؛ لە کاتێکدا ئەمریکا جەخت لە پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی دەکاتەوە، ئێران جەخت دەکاتەوە کە کۆنترۆڵی تەواوی رێڕەوەکە لە دەستی هێزەکانی ئەواندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ