رووداو- هەولێر
لە ساڵڕۆژی گرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، ئێران وەک تەحەدای ئەمریکا موشەکێکی نوێی نمایشکرد، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا توانای ئابووری، ئەتۆمی و بەرگری گەلی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
مووشەکی قەدەر، مووشەکێکی بالستیکە کە رۆژی شەممە لە رێپێوانەکانی 13 سەرماوەزدا لە تاران لە بەردەم باڵیۆزخانەی پێشوی ئەمریکا نمایش کرا وەک پێشاندانی هێز و توانای ئێران و سەرپێچی لە گوشارەکانی ئەمریکا کە دەیەوێ سنوورێک بۆ هەوڵەکانی ئێران دابنێت.
ئەم مووشەکە دوو هەزار کیلۆمەتر مەودا دەبڕێ و بەم پێیەش دەتوانێت ئیسرائیل بکاتە ئامانج. هەڵبەت هەندێ لە راگەیەنەکانی ئێران گوتیان ئەمە ماکێتی موشەکەکەیە. بەهەر حاڵ ئەمە خۆنواندنە لە بەرامبەر ئەمریکا.
عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوتی: ئێران ریکۆردی زەلیلکردنی ئەمریکای شکاندووە. ئەمریکا توانای ئابووری گەلی ئێران، ئەتۆمی گەلی ئێران و بەرگری گەلی ئێرانی کردووەتە ئامانج، گەلی ئێران بۆمبی یەکەمی پووچەڵکردەوە، ئەمڕۆش دەچێ کە بۆمبی دووەم ناکاریگەر بکات.
لە ساڵی 1979 هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەتاران و فەرمانبەرەکانی بە بارمتە گیران ، لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تێکچوو و تاکوو ئێستاش نیشانەیەک لە باشتربوونی نابینرێ.
ئەمریکا کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکات کە بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی رۆحی رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل کردووە. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایی تاوەکو ئێستا زۆرجاران رەخنەیان لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران گرتووە.
بەڵام ئێران دەڵێ ، ئەم مووشەکانە بۆ بەرگرین و نە تەنیا تاقیکردنەوەیان راناگرێ ، بەڵکو پەرەشیان پێدەدات. بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران، ئەوان دەتوانن مووشەکی بە مەودای زیاتر لە 2 هەزار کیلۆمەتریش دروست بکەن، بەڵام رێبەری ئێران هێشتا مۆڵەتی نەداوە. حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئێران گەمارۆی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ